مەودا میدیا-
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند” سەرەڕای ئاستەنگ و كێشەكانی پەیوەست بە گەرووی هورمز، توانیویانە بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بكەن بەبێ ئەوەی هیچ زیادكردنێك لە نرخدا رووبدات”.
باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” وەزارەتەكەیان هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت، زیادكردنی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن، بنیاتنانی ژێرخان، زیادكردنی وەبەرهێنان و راكێشانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بۆ وەبەرهێنان لە نەوت و گاز بە شێوەیەكی گونجاو”.
وتیشی” عیراق پێویستی بە بنیاتنانی ژێرخانی پێشكەوتوو هەیە دوای ئەوەی وڵاتەكە بەرگەی پەنجا ساڵی لاوازی شەڕ و تیرۆری گرتووە”.
دووپاتیشی كردەوە” حكومەت پابەندە بە بەرنامە دانراوەكان و دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی كە عیراق پێگەیەكی پێشەنگ وەربگرێت، ئەمەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری و ژیان دەبێت”.
روونیشیكردەوە” تیمەكانی گەڕانی وەزارەت لە چەند پارێزگایەك رووپێوی ئەنجامدەدەن بۆ پڕكردنەوەی یەدەگی كەمبووەوە و لە هەمان كاتیشدا كار لەسەر دوو رێڕەوی هاوتەریب دەكەن سەبارەت بە كەرتی غاز، كە یەكەمیان، كۆتاییهێنانە بە پرسی غازی سووتاو و دووەمشیان، پەرەپێدانی كێڵگە غازییەكانە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” عیراق بەر لە جەنگ نزیكەی 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكرد، بەڵام قەبارەی هەناردەكردن لەو رێگایەوە لە دوای جەنگەوە كەمبووەتەوە، بۆیە پێویستە كار بكەن بۆ دۆزینەوەی رێگای نوێ بۆ هەمەچەشنكردنی رێگاكانی هەناردەكردن”.
ئ پ