چ كاتێك گونجاوە بۆ خواردنی لیمۆ بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی ڤیتامین سی هەبێت؟

لیمۆ یەكێكە لە باشترین سەرچاوەكانی ڤیتامین سی كە پاڵپشتی سیستەمی بەرگری لەش دەكات.
پسپۆڕان پێیان وایە باشتر وایە لیمۆ بەیانیان بخورێت، چونكە ڤیتامین سی لە ئاودا دەتوێتەوە و پێویستی بە چەوری نییە بۆ هەڵمژینی. هەروەها خواردنی پێش خواردن لە بەیانیاندا ئەگەری گەڕانەوەی ترش كەمدەكاتەوە بە بەراورد بە خواردنیان پێش خەوتن.

بۆ ئەوانەشی كە تووشی دڵەكزێ یان نەخۆشی گەڕانەوەی گەدە و سورێنچك دەبن، خواردنی لیمۆ دوای ژەمەكان رەنگە بژاردەیەكی باشتر بێت بۆ هێوركردنەوەی خورانی گەدە، لەكاتێكدا رێگە بە جەستە دەدات ڤیتامین سی بە شێوەیەكی كارا هەڵبمژێت.

شارەزایان رێنماییمان دەكەن كە لیمۆ لەگەڵ ئەو خۆراكانە بخۆین كە دەوڵەمەندن بە ئاسنی رووەكی، وەكو پاقلەمەنییەكان و گوێز، چونكە ڤیتامین سی هەڵمژینی ئەم جۆرە ئاسنە بەرز دەكاتەوە. ئەمەش رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی مەترسی كەمخوێنی بەهۆی كەمی ئاسن.

لەلایەكی تریشەوە شارەزایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە پشتگیریكردنی بەرگری لەش تەنها پشت بە خۆراك نابەستێت، بەڵكو خەوتنی پێویست و بەشداریكردن لە چالاكیی جەستەیی بەردەوام و دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان هۆكاری سەرەكین بۆ بەهێزكردنی بەرگری جەستە.
وەرگێران، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان