مەودا میدیا-
دوای کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی تانجەرۆی سەربە سلێمانی کە بووەهۆی زیانێکی زۆری ماددی و برینداربوونی چەند کرێکارێک و گیانلەدەستدانی کرێکارێکی تر، قائیمقامییەتی سلێمانی بڕیاریدا بە گواستنەوەی کۆگاکان.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند “سەرجەم کۆگاکانی سووتەمەنیان لە تانجەرۆ ئاگادار کردووەتەوە کە چۆڵی بکەن و بیگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریکراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سنووری گوندی یەک ماڵەی سەربە ناحیەی عەربەتیان بۆ خاوەن کۆگاکانی سووتەمەنی دیاریکردووە کە رەچاوی هەموو مەرجەکانی سەلامەتیی، ژینگەیی خزمەتگوزارییەکانی تێدا کراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “زیاتر لە (400 دۆنم) زەوییان بۆ کۆگاکانی هەڵگرتنی سووتەمەنی لە (بەنزین، گاز و نەوت) دابینکردووە و جێگەی هەموو ئەو کۆگایانە دەکرێتەوە کە لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی تۆمارکراون”.
ب ح