شیلان عومەر؛ ژەنیاری ئاوازی بیابان و ژێیەکانی مەرگ

مەودا میدیا –

لەبەردەم چرایەکی کز، لە گۆشەی ژوورێکی پڕ لە ئازار، ئامێرێکی چەلۆ بە کزییەوە سەری دانەواندووە، چاوەڕێی ئاوازێکە، ژێیەکانی بەو نۆتانە ببزووێن کە ئاوازێکی مەرگی ونبووەکانی ناو ئەو ژوورە بژەنێت و لە نێو قووڵایی دڵی دارەکەی وەک دڵی دایک و کچێک، گریانە کپکراوەکان بهێنێتە دەر و بە ئاوازێکی خەمگین فرمێسک بیڕژێنێتە سەر  کوڵمەکان و باس لە سێ سێبەر و ئازاری سێ تەمەنی کورت بکات.

پەنجەکان لەسەر ژێیەکانی چەلۆکە دەلەرزن، بەڵام لەڕاستیدا لەوێ نین، بەڵکوو لە ناوەڕاستی  بیابانێکی بێکۆتایی بەلمداپۆشراودان. چەلۆکە تەنیا ئامێرێکی میوزیک نییە، بەڵکوو سندووقێکی رەشی کۆکەرەوەی هاواری باوکێک و پێکەنینی قەتیسکراوی دوو برای بێسەروشوێنە. هەموو نۆتەیەک کە لەو زامە تەختەییە بەرز دەبێتەوە؛ نیگای ئەوان دەهێنێتەوە یاد کاتێک بەرەو چارەنووسی نادیار بردیانن. دایکێک لە تەنیشت کچەکەیەوە دانیشتووە، بۆ یادکردنەوەی ئەو هەموو تەمەنەی لە چاوەڕوانیدا بەسەری بردووە و سەری بەهێمنی لەگەڵ لەرینەوەی ژێیەکان رادەوەشێنێت وەک ئەوەی ئەوان بۆی بدوێن و بیر دەکاتەوە دەبێت لە کام شوێنی ئەم خاکە بێبەزەییەدا جگەرگۆشەکانی زیندەبەچاڵ کرابن.

چل ساڵە، هەر کاتێک بایەک لە باشوورەوە دێت، ئەوان بۆنی کراسی براکان و دواهەمین باوەشی باوکیانی لێ دەکەن.

ئەم ئاوازە هەرگیز کۆتایی نایەت، بەهۆی قووڵیی برینی بزربوونی تەرمی ئازیزانیان لە ئەنفالدا.

– لە 21ی تشرینی دووەمی 1976، لە گەڕەکی چوارباخ، لە شاری سلێمانی لەدایک بووم. لە خێزانێکی مامناوەندیدا گەورە بووم، باوکم (عومەر محەمەد) کاسب بوو و لە کارگەی جگەرەی سلێمانی کاری دەکرد. دایکم (ناجیە سالح)، ژنی ماڵە. باوکم قەرەداخییە و دایکیشم شارباژێڕی، بەڵام لە سلێمانی ژیاون.

– سەرەتاییم لە قوتابخانەی سەربەست و ناوەندییش لە خوێندنگەی سۆلاڤ خوێندووە. لە ساڵی 1997 پەیمانگەی هونەرەجوانەکان، بەشی میوزیکم تەواو کردووە و ژەنیاری ئامێری چەلۆم.

– برا گەورەکەم (کامەران)، لە ساڵی 1967 لەدایک بووە. سەر بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوو. لە ساڵی 1984 لە کاتی گفتوگۆی یەکێتی و حکومەتی عیراق، خەڵک دڵخۆش بوون، من و دایکم چووینە سەردانی ماڵی خزمێکمان، کاتێک گەڕاینەوە، ناو کۆڵانەکەمان شڵەژا بوو. کچێکی گەڕەکەکەمان بەرەو پیرمان هات و وتی کوڕی گەڕەکیان گرتووە. چل کەسیان گرتبوو، بەڵام براکەم بەردەستیان نەکەوتبوو و رای کردبوو. ئیتر باوکم و دایکم ناردیانە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی و چووە گوندی خاوێ لە قەرەداخ، کە باوکم خۆی لەوێ لەدایک بووە.

– کوڕێکی هاوڕێی ئیعترافی لەسەر کردبوو، بۆیە وازیان لێ نەدەهێناین.

– ئێمە بووبووین بە دوو بەشەوە؛ من و کاروانی برام، لە ماڵی پوورم بووین. مەریوان و شادمان لەگەڵ دایکم بوون لە ماڵەوە. رۆژێک چووبوونە سەر ماڵی ئێمە و زۆریان لە دایکم دابوو و وتبوویان کامەران لە کوێیە؟ ئەویش وتبووی گیراوە و لای خۆتانە. ئێمە لەو رۆژەوە کە هاتن کوڕی گەڕەکتان برد نازانین لە کوێیە.

– دوای ئەوە ئیتر ئەو خانووەمان جێ هێشت و لە نزیک ئەمنەسوورەکە، کە ئەو کاتە پێی دەوترا گەڕەکی (دورلئەمن) خانوویەکمان بە کرێ گرت. باوکم وتی: شوێنەکە ئەمینە و کەس نامانناسێت.

– کاروانی براشم لە ساڵی 1985 لەپڕ رۆیشتە دەرەوە. ئەو کاتە لە پۆلی چواری ئامادەیی بوو، زۆر زیرەک و وریا بوو. چووە لای کامەرانی برام، لە نزیک تەکیەی بەلەکجاڕ، لای کاک عومەر فەتاح بوو.

– باوکم و دایکم زۆریان هەوڵ لەگەڵ دا کە بگەڕێتەوە و خوێندن تەواو بکات، چونکە تەمەنیشی زۆر کەم بوو. دایکم نامەیەکی بە خاڵۆزایەکی خۆی (حەسەن تەیب بەرخی)دا بۆ کاک عومەر فەتاح نارد بۆ ئەوەی هانی براکەم بدات کە بگەڕێتەوە. دوای چوار پێنج رۆژێک هاتەوە، بەڵام دیسان گەڕایەوە بۆ پێشمەرگایەتی. لەوێ وتبووی بمنێرن بۆ بادینان.

– دوای ئەوەی دەچێتە ناوچەی بادینان، لەوێ دەکەونە شەڕێکی قورسەوە لەگەڵ هێزەکانی رژێم و ساچمەی هاوەن بە رانی دەکەوێت و بریندار دەبێت.

– شەش مانگ لە بادینان دەبێت، دوای ئەوەی کە بریندار دەبێت، بە برینداری دەیبەنە ئێران بۆ چارەسەر. ئەمە لە ساڵی 1987.

– دواتر کە دەگەڕێتەوە، دەچێتە تیپی 57ی سەرگرمە و لەگەڵ کامەران بەیەکەوە دەبن. کامەران پێی دەڵێت دەبێت پێکەوە بین.

– کاروان کوڕێکی زۆر ئازا بوو، بەو تەمەنە کەمەوە جێگەی خۆی لە دڵی پێشمەرگەکاندا کردبووەوە.

– هەر کاتێک دایکم دەچوو بۆ سەردانیان، منیش هەوڵم دەدا لەگەڵیدا بچم و برا گەورەکەم لەسەر رێگە چاوەڕێی دەکردین. جارێکیان پرسیم ئەوە چۆن دەزانن ئێمە دەچین؟ دایکم وتی هەموو رۆژێک دێن لێرەدا چاوەڕێ دەکەن، بەڵکوو ئێمە بچین. ئەگەرنا نازانن.

کاتێک ئێمەیان دەبینی، زۆر دڵخۆش دەبوون. کە دەگەڕاینەوە، هەموومان دەگریاین. کارمەران دەیوت کەی بتبینم گەورە ببیت و خوێندن تەواو بکەیت.

زۆر نازیان هەڵدەگرتم.

– لە کۆتاییەکانی ساڵی 1987، دایکم دووگیان بوو، حکومەت زوو زوو بۆردوومانی ناوچەکانی پێشمەرگەی دەکرد. براکانم دەهاتنە زڕگوێز، دۆخی دێهاتەکان زۆر خراپ بوو، پێش ئەنفالیش هەر وابوو. ئۆتۆمبێل دەبوایە شەوان بەبێ لایت بڕوات، زۆر ئەستەم بوو، دڵمان لەناو دەستماندا بوو کە بەڕێ دەکەوتین بۆ لایان.

– کاتێک ئەنفال دەستی پێ کرد، سێ چوار  مانگ نەمانبینین و هەواڵیان نەبوو.

– باوکم ئێوارەیەک هاتەوە ماڵەوە، زۆر بێتاقەت بوو، لەسەر جێگە کەوت. ئەوسا هێشتا چلەی خوشکە بچووکەکەم نەچووبوو.

باوکم بیستووی کەسێک وتبووی یەکێک لە کوڕەکانی عومەر شەهید بووە. دواتریش هەواڵێکی تر هاتبوو و وتبوویان کاروان هاتووەتە ناوشار و گرتوویانە.

دواتر ئەو کەسەی کە بەناوی ئەوەوە هەواڵەکە بڵاو کرابووەوە، بە باوکمی وتبوو شتی وا نییە، کوڕەکان ماون و لە شاخن.

– هەندێک لە خەڵکی دێهاتە لێقەوماوەکان هاتبوونە ناوشار، باوکم ئێوارەیەکیان هەندێک خەڵکی تەکیەی هێنایە ماڵەوە، کە هەواڵی ناوچەکەیان پێ بوو. ئیتر شەو دایکم وتی دەچم بۆ لای کوڕەکان. باوکم نەیهێشت. خۆی چوو بۆ لایان و بینیبوونی. باوکم پێی وتبوون وەرنەوە شار و دەتانشارینەوە تا دۆخەکە کەمێک هێور دەبێتەوە.

– پاشان باوکم کاتێک دەگەڕێتەوە، کوڕێکی پووریشی لەگەڵ دەبێت، ئەو کوڕی پوورەی فیرار بوو، هەردووکیان دەگیرێن و ئێمە دوای پێنج رۆژ زانیمان کە گیراون.

– هەر کە لە تەکیە دەردەچن، یەکسەر دەیانگرن و دەیانهێننە سلێمانی. لە گرتووخانە پیاوێکی لەگەڵ دەبێت و ئازاد دەکرێت. پێی دەڵێت بە ماڵەوەمان بڵێ واستەیەکمان بۆ بدۆزنەوە، چونکە هیچ شتێکمان لەسەر نییە.

– دایکیشم سەردانی کوڕەکانی کرد، پێیان وتبوو ئێمە بەرەو ئێران دەڕۆین. کاروان بە دایکمی وتبوو کە دەتوانێت چەند ساڵێک لەناوشار بێت و خۆی بشارێتەوە، بەڵام نایەوێت لە کامەران جیا بێتەوە.

– کاتێک دەڕۆن بەرەو ئێران، دەبینن ئاویان بەرداوەتەوە و ناتوانن بپەڕنەوە. لەو شوێنەدا ماوەی حەفتەیەک بێ نان و ئاو دەبن و ئیتر بێهیوا دەبن، جیهاز دەکەن بۆ سەروو خۆیان و پێیان دەڵێن رێگەی ئێران گیراوە، ئەو پێشمەرگانە چی لێ بکەین؟ لەو کاتانەدا دەنگوباسیانمان نەدەزانی. ئەوەی کە بۆتی دەگێڕمەوە، کاک ئەنوەر خاوێیی بۆی گێڕاینەوە و کە لەو کاتەدا لای ئەو دەبن.

– کۆتا جار کە بینراون، لە رێگە بووە کە لەناو لۆرییەکدا بوون و گیراون و بەرەو ئەمنی کەرکوک بردوویانن.

– باوکمیان بردبووە سەربازگەی تۆپزاوە، دایکم چوو بۆ تۆپزاوە بۆ بینینی. دوانامەی باوکم لەوێ بوو.

– باوکم لە 15ی نیسانی 1988 گیرا و براکانیشم لە 20ی ئایاری 1988.

– لەگەڵ براکانم حەڤدە پێشمەرگەی تریش گیرابوون، کە هەموویان بە دەستی جاش گیرابوون و وتبوویان لە ماڵەوەدا گرتوومانن.

– ئیتر نەمانبینینەوە؛ نە تەرم و نە بەڵگەنامەی وەفاتیان، هیچمان دەست نەکەوت. تا رووخانی سەدامیش، ئێمە هەموو شەوێک چاوەڕێ بووین لە دەرگا بدرێت و یەکێکیان دەربکەون.

– دایکم لەو کاتەدا تەمەنی 42 ساڵ بوو، لە ماوەی مانگێکدا دوو کوڕ و مێردی بێسەروشوێن کران.

– تەمەنی خوشکە بچووکەکەم سێ مانگ بوو، نە باوکم و نە براکانم هیچیانی نەبینیوە.

– دایکم وێڵ و سەرگەردان بوو؛ هەموو بەیانییەک بەئاگا دەهات و دەڕۆیشت بۆ سەر و سۆراخیان. دەیوت: بەس بزانم چییان بەسەر هاتووە؟ لە رێگەی واستەی خەڵکیشەوە، هیچمان دەست نەکەوت.

– کە دایکم دەڕۆیشت، من هەرچەندە منداڵ بووم، بەڵام دەبوایە بەئاگا بێم بۆ ئەوەی ئاگام لە خوشکە سێ مانگییەم بێت.

– زۆر زۆر بیری باوکمم دەکرد، باوکم نازی زۆری دەدامێ، کە لە کار دەگەڕایەوە، دەیوت: وەرە لامەوە با ماندووێتیم بحەسێتەوە، دەستێک بهێنە بەسەر شانمدا با ماندووێتیم بڕوات. زۆر جار دەیوت شیلان بە هەموو کوڕەکان نادەم، هەمووی لە لایەک، شیلان لە لایەک… هەر بۆیە کەم شەو هەبوو خەوی پێوە نەبینم و هەستم بە دەستی دەکرد بەسەر سەرمەوە و هەستم بە بۆنی دەکرد، وام دەزانی راستییە و لامانە. چەندین جار دەیوت خوا دەکات تۆ گەورە دەبیت و ماڵی تۆ دەبینم! جا من حەزم لە شیر بوو، دەیوت کە چوویتە ماڵی خۆشت، هەموو رۆژێک خۆم بۆت دەنێرم.

– تا ئێستاش هیچ زانیارییەکمان دەست نەکەوتووە، کە بەرەو کام بیابانە بردوویانن. هەموو تەمەنمان چاوەڕێین گۆڕێکیان هەبێت بۆ ئەوەی هیچ نەبوایە لە جەژنێکدا سەردانمان بکردنایە.

– لە بەڕێوەبەرێتیی ئەنفال لە چەمچەماڵ، (DNA)یان لە هەموومان وەرگرتووە و تا ئێستاش هیچمان دەست نەکەوتووە و رۆژ بە رۆژ زیاتر بێهیوا دەبین و دەڵێن: تازە کار لە کار ترازاوە.

– زۆر جار هەستم دەکرد لە خەوێکی قووڵدام و لە چرکەساتێکدا بەئاگا دێمەوە و دەڵێم ئەوانە خەوێکی درێژ و ناخۆش بوو. لەو هەستە تاڵە و لەو خەیاڵە تراژیدیایەدا دەژیام تا کوڕە گەورەکەم لەدایک بوو. ئینجا چوومەوە ناو واقیع؛ واقیعێکی پڕ لە ئازا.

– ئەوەی وەک یادگاریی براکانم تا ئێستاش هەڵمگرتووە؛ بلووزێک و ئەنگوستیلەیەک و گۆرەیییەکە، کە برا بچووکەکەم لەو کاتەی بە برینداری دەیبەن بۆ ئێران، لەوێ بۆی هێنابووم.

– براکانی تریشم بەهۆی باری ئابووریمانەوە وازیان لە خوێندن هێنا و چوونە بەر کاسبی، بەڵام شوکر بۆ خوا ئێستا ژیانیان جێگیرە و خێزانی خۆیان هەیە.

– راستە نەهامەتیی زۆرمان بینی، بەڵام دایکم دایک بوو بە هەموو مانایەکی وشەی دایک. دایکێک بە سەربەرزی خۆی ئێمەی ژیاند، هەرگیز رۆژێک لە رۆژان بە دیارییش شتێکی لە براکانی وەرنەگرتووە و دەیوت نامەوێت بتانخەمە دۆخێکەوە ئەوان بڵێن ئێمە بەخێومان کردوون. ناهێڵم نەبوو بن.

– هەموو سەرچاوەی ژیانمان، یەک کرێی خانوو بوو پێش ئەوەی کوڕەکان بکەونە کاسبی.

– چەندان رۆژ بەبێ ئەوەی فلسێک لە گیرفانمدا بێت، دەچوومە پەیمانگە، کە هاوڕێکانم دەچوون بۆ لەفە خواردن، من دەموت برسیم نییە، تەنانەت پارەی رێگەشم پێ نەبوو، بەو ئامێری چەلۆ گەورەیەوە بە پێ بەرەو پەیمانگە دەڕۆیشتم.

– وەکوو ژیانی تایبەتیی خۆشم، لە ساڵی 2009 هاوسەرگیریم کردووە. دوو منداڵم هەیە بەناوەکانی (ئاریۆ و سامیۆ).

– هاوسەرەکەم (یادگار)، پزیشکی دەروونییە و لێم تێ دەگات کە بەو دۆخە ناهەموارەدا رۆیشتووم.

– لەبەر ئەوەی هەموو ساڵەکانی خوێندنی پەیمانگەم بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بڕی و بە پلەی زۆر باش دەرچووم، لە ساڵی 2000 تا 2004 هەر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی میوزیک بوومە وانەبێژ. ئێستاش فەرمانبەرم لە بەڕێوەبەرایەتی کەلەپووری کورد لە وەزارەتی رۆشنبیری. هەروەها لە دەیان ئۆرکێسترادا ئەندام بووم، لەوانە: ئۆرکێسترای زانکۆی سلێمانی، لە ساڵی 2001، ئۆرکێسترای ژێداری نیشتمانی، لە ساڵی 2004 و ئۆرکێسترای ژێداری کورد، لە ساڵی 2007… جگە لەوەش، ئەندامی گرووپی تیپی کیژان بووم لە ساڵی 2003-2004 و لە چەندان کاری هونەریی ئەو گرووپەدا بەشدار بووم.

– سەبارەت بە کار و چالاکییەکانم وەک میوزیکژەن و ژەنیاری چەلۆ، لە دەیان ئۆرکێسترا، فێستیڤاڵ و کاری هونەریدا لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بەشداریم کردووە، لەوانە: نمایشی میوزیکی جیهانی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی میوزیک لە ساڵی 1994 و 1995، کۆنسێرتی جەژنی نەورۆز و کارەساتی هەڵەبجە و یادی راپەڕین، کە ئۆرکێسترای سلێمانی لە ساڵی 2003 پێشکەشی کرد، کۆنسێرتی کردنەوەی (دار المدی) لە بەغدا لە ساڵی 2007، کە ئۆرکێسترای ژێداری کورد ئەنجامی دا، کارێکی هونەریی پێرفۆرمانس بەناونیشانی (چیرۆکەکانی ژنێک… سەمایەک)، لە پارکی دایک لە سلێمانی لە ساڵی 2015… بە هەمان شێوە لە دەرەوەی هەرێمیش بەشداریی چەندان کار و چالاکیم کردووە، لەوانە: فێستیڤاڵی ساڵانەی میوزیک ڤراین-ڤیێنا لە ساڵی 2007، کە پلەی دووەمی باڵامان بەدەست هێنا لەسەر ئاستی فێستیڤاڵەکە، بێشبڕکێی تیمپورەری میوزیک لە سوید لە ساڵی 2009…

– لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم؛ زۆر جار لە تەمەنی خۆم زۆر زیاتر بەرپرسیارێتیم هەڵگرتووە، بۆ ئەوەش، دایکم هێزێکی کەموێنەی پێ بەخشیووم، هەر بۆیە بەردەوام هەوڵی ئەوەم داوە پاڵپشتی بم و سەرچاوەی دڵەڕاوکێ نەبم بۆی، هاوکاری بم لە چارەسەرکردنی کێشەکانی و دڵخۆشکەری بم، نەک خەم و خەفەتی بۆ زیاد بکەم. خۆشحاڵم کە ترووسکایی مۆمێک بووم لە ژیانیدا و هەموو پرسوڕا و کاروبارێکمان پێکەوەیە.

هەندێک جار هەست بە ماندووێتی دەکەم، بەڵام  دڵخۆشم بەوەی توانیومە مایەی ئارامیی دایکم بم، هەرچەندە خۆی زۆر ئازایە، چونکە ئەگەر ئازا نەبوایە، نەیدەوانی ئێمە گەورە بکات و نەهێڵێت چاومان لە دەستی کەس ببێت.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

ر.س

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان