مەودا میدیا-
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئەیلولی 2026، شاندی باڵای دانووستانکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم رایگەیاند “لە سەرەتادا، شاندەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە خستەڕوو”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کراوە، بە مەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و ڕوون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، لە بەرانبەردا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ پێشوازی لە بەشداری شاندی هەرێم کرد و جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە، هەروەها دڵنیایی دا کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، لە رۆشنایی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات”.
ئەوەشی خستەڕوو “لە بەردەوامی بەرنامەکەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان، ئەجیندای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027، کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن، بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی دارایی 2027 و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ”.
باسی لەوەشکرد “شاندی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو حکومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ، لە بەرانبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و مسۆگەرکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت”.
وتیشی “لەە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە رێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و بەهێزکردنی هاوکاری دارایی و ئابووری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستووری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرانبەردا جەختی لە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی تری عیراق”.
ب ح