مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، چەكدارانی داعش لە رێگای نێوان حەدیسە و بێجی هێرشیان كردووەتە سەر هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا و تاوەرێكی گواستنەوەی وزەی كارەبایان تەقاندووەتەوە، هەوڵێكی تریشیان بۆ تەقاندنەوەی تاوەری دووەم شكستیهێناوە.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلول، سەعد غازی، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند” شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا و بەهۆیەوە هێڵی سەرەكیی كارەبا كە هەردوو شاری حەدیسە و بێجی بەیەكەوە دەبەستێتەوە پچڕاوە”.
لە لایەكی تریشەوە، بەپێی زانیاری لایەنە ئەمنییەكان “چەكدارانی داعش ویستوویانە تاوەرێكی دیكەی گواستنەوەی كارەبا لە ناوچەی نێوان بێجی لە پارێزگای سەڵاحەددین و حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار بتەقێننەوە، بەڵام هەوڵەكەیان پووچەڵكراوەتەوە”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە پێشتر چەندین جار ئاماژە بە مەترسییەكانی شانە نوستووەكانی چەكدارانی داعش لە عیراق كراوە و لایەنە حكومیی و ئەمنییەكان لە ئەگەرەكانی سەرهەڵدانەوە و دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانیان ئاگادار كراونەتەوە”.
ئ پ