یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرا

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسیی و گەردونناسیی بەپێی لێکدانەوە فەلەکییەکان‌ و شیکارییەکانی جووڵەی مانگ، وادەی دەستپێکردنی مانگی رەمەزانی پیرۆز و یەکەم رۆژی جەژنی بۆ ساڵی داهاتوو (1448ی کۆچی) دیاریکردو ئاشکرایکرد مانگی رەمەزانی ساڵی داهاتوو 29 رۆژ دەبێت.

سالار حاجی عەلی، شارەزایەکی بواری کەشناسیی و گەردونناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “رۆژی (8ی شوباتی 2027) بە فەرمی دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، ئەم پێشبینییەش دوای ئەوەدێت کە لەئێوارەی (رۆژی 6ی شوبات) لە کاتژمێر (18:55:59) بەکاتی هەرێمی کوردستان، خۆرو مانگ‌و زەوی دەکەونەسەر یەک هێڵ‌و مانگ نوێدەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگ نزیکەی (شه‌ش کاتژمێر و 30 خولەک) دوای نوێژی شێوان بۆ دەرکەوتنی هیلال دوادەکەوێت، لەو ئێوارەیەدا هیلالی مانگ بەچاو نابینرێت، بۆ رۆژی دواتر (7ی مانگ) تەمەنی هیلالەکە دەگاتە 18 بۆ 19 کاتژمێرو بەگەورەیی لە ئاسماندا دەردەکەوێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رۆژی (9ی ئاداری 2027) دەبێتە یەکەم رۆژی جەژن، چونکە لە رۆژی (8ی ئادار)دا کاتژمێر (12:29:22)ی دوانیوەڕۆ مانگ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نوێدەبێتەوەو تا کاتی نوێژی شێوان تەمەنی هیلالەکە دەگاتە (30 بۆ 40 خولەک) کە دەکرێت لەو ئێوارەیەدا بەئامێری تەلەسکۆپ هیلالەکە ببینرێت‌ و هیچ مەرجێکی فەلەکی رێگریی لە راگرتنی جەژن ناکات”.

ئەوەشی خستەڕوو “هەرچەندە لەرووی فەلەکییەوە جەژن تەنها چاوەڕوانکراوە لە (9ی ئادار)دا بێت، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، تەم‌و بارانەوە، هیلالەکە بەچاو نەبینرێت‌ و پڕۆسەکە به‌گوێره‌ى دابوونەریتی بینین یەک رۆژ دوابکەوێت‌و بچێتە 10ی ئادار، کە ئەم دۆخە وەک رۆژی گومان (یوم الشك) لە زۆر ساڵدا دووبارە دەبێتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان