سێ وەزارەتی هەرێم بۆ دەستەبەرکردنی قەرزە فیدراڵییەکان راسپێردران

مەودا میدیا-

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوى فەرمیی ژمارە (11474) لە ڕۆژى (13-09-2026)، هەرسێ وەزارەتی (داد، دارایی و ئابووری و پلاندانان)ی راسپارد بۆ بەدواداچوون و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان (قانون الإقتراض والمنح والإعانات).

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم رایگەیاند “ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە، لە بڕیارەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەی (106)ی دەستوور کراوەتەوە، کە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێ بدرێت کە حکومەتی فیدراڵی وەریدەگرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەرێمی کوردستان بەشدار بووە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سوودەکانیان، بۆیە پێویستە لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینەکاندا، مافە دەستوورییەکانی هەرێم وەک خۆی جێبەجێ بکرێن”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێم هەیە، بۆیە پێویستە لە تەواوی قۆناغەکانی تاووتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی و دادپەروەری رەچاو بکرێن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان