مەودا میدیا-
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی دیمەنی خنکانی ژمارەیەک کۆچبەر بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان ئاشکرایکرد هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ئەو کۆچبەران خەڵکی هەرێمی کوردستان بن.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە مەودا میدیای راگەیاند “بۆ راستی و دروستی هەر هەواڵێک ئەوان پشت بە کات و شوێنی رووداوەکە دەبەستن، بەڵام ئاماژە بە شوێنی رووداوەکە نەکراوەو بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک گەنجی دانیشتووی سنووری راپەڕین بە چەند وێنەیەک هیچ بنەمایەکی نییە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پەیوەندییان بە فەرمانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عیراق و چەندین لایەنی ترەوە کردووە و هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بۆیە پێویستە راگەیاندنەکان لە ئەگەری دڵنیایی 100٪ی رووداوەکان بڵاونەکەنەوە تاوەکو نەبێتەهۆی نیگەرانی و دڵەراوکێی خێزانی کۆچبەرەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو ” ئەو کەسانەی کە بێسەروشوێن بوون هەموویان پێکەوە نەبوون و(10 کەسیان شەوی 3/13ی ئەمساڵ، (11 کەسی تریان لە 8/5وە پەیوەندیان نەماوە، سێ کەسی تریش لە 8/27)وە پەیوەندییان لەگەڵ خیزانەکانیان نەماوە، ئەمە یەکەمین حاڵەت نییە و تەنها لە ئەمساڵ و ساڵی رابردوودا زیاتر لە (388) گەنجی هەرێمی کوردستان کە بەشی زۆریان خەڵکی سنووری راپەڕینن، بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان گەرێندراونەتەوە و بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە”.
ب ح