مەودا میدیا-
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئەیلول (9) و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب (8) رادەستی بەغدا بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی درەنگ رادەستنەکردنی لیستی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە وەزارەتی دارایی عیراق، بۆ ئەم مانگە رەوانەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت.
هەربەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەیاسای بودجە قۆناغی زۆرباشی بڕیوە و دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەمنزیکانە رەوانەی پەرلەمانی عیراق دەکرێت، کە تیێدا دامەزراندن، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان جێگیرکراوە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، بە 12٪ دیاریکراوە و لەبەرانبەردا حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داوای جێگیرکردنی 14٪ دەکات بەپێی دوایی سەرژمێریی دانیشتووان، بەڵام بەغدا بەنیاز نییە دەستکاریی ئەم بڕگەیە بکات.
ب ح