وەك ئەوەی قیامەت روویدابێت 50 هەزار سەرباز بەجارێك نوقمی زەوی بوون

لە ساڵی 524ـی پێش زایین، نزیكەی 50 هەزار سەربازی پڕچەك لە هەڵبژاردەترین جەنگاوەرانی ئیمپراتۆریەتیی كۆنی ئەخمینی، بە فەرمانی كەمبۆجیە، كوڕی كۆرشی گەورە، بەرەو بیابانی میسر بەڕێكەوتن.
ئەو ئەركەی كە بەو سەربازانە سپێردرابوو سەركوتكردنی كاهینەكانی پەرستگای ئاموون و پیشاندانی دەسەڵاتی بێڕكابەری ئیمپراتۆریەتی ئەخمینی ئێران بوو، بەڵام دوای دەرچوونیان لە مێرگەكانی خارجە، رووداوێكی باوەڕپێنەكراو روویدا و تەواوی ئەو سوپا گەورەیە لەناكاو لەناو دڵی بیاباندا ون بوون.
دواتریش نە هەواڵێك لە جەنگێكی گەورە هەبوو، نە شوێنەواری گەڕانەوەی سەربازەكان دیار بوو، و تەنانەت یەك سەربازیش بۆ هێنانی هەواڵ نەگەڕایەوە.
تا ئێستاش كە زیاتر لە 2500 ساڵە، چارەنووسی ئەم سوپایە بووەتە یەكێك لە نهێنیئامێزترین چیرۆكەكانی مێژوو.

هێرۆدۆت، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی گێڕاویەتییەوە كە زریانێكی لمینی گەورە لەناكاو بەسەر سوپاكەدا باریوە، زریانێكی سامناك كە توانیویەتی تەپۆڵكە گەورەكانی لم جێگۆڕكێ‌ پێبكات و هەموو شتێك لەژێر خۆیدا بنێژێت.
بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، هەزاران سەرباز، ئەسپ، چەك، زرێ و كەرەستەی جەنگی لە چەند ساتێكدا لەژێر لمی ئەو بیابانەدا نقوم بوون.
لەو كاتەوە، ئەفسانەی “سوپای ونبووی كەمبۆجیە” دروست بوو، ئەو سوپایەی پێی نایە نێو بیابان و ئیتر هەرگیز لێی نەهاتە دەرەوە.
شوێنەوارناسان و توێژەران لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار بەدوای شوێنپێی ئەم سوپایەدا گەڕاون و هەندێك راپۆرت لەسەر دۆزینەوەی گریمانەییان لە بیاباندا بڵاوكراونەتەوە، بەڵام شوێنی ورد و چارەنووسی یەكلاكەرەوەی ئەم سوپایە هێشتا نادیارە، ئەمەش چیرۆكەكە ترسناكتر دەكات، چونكە هەزاران سەربازی ئەخمینی چوونە نێو دڵی بیابان و مێژوو شوێنپێی ئەوانی بۆ هەمیشە ون كرد!
تا ئێستاش لەژێر ملیۆنان تۆن لم لە بیابانی میسر، پاشماوەی ئەم سوپایە و نهێنیی كۆتا ساتەكانی ژیانیان بە شاراوەیی ماوەتەوە.

ئیمپراتۆریەتی ئەخمینی یان هەخامەنشی، یەكەم ئیمپراتۆریەتی فارس بوو كە لەلایەن كوروشی گەورەوە دامەزرا،كە لە ساڵی 550ـی پێش زاین توانی مادەكان تێكشكێنێت و بناغەی ئیمپراتۆریەتەكە دابنێ.
ئەم ئیمپراتۆریەتە یەكێكە لە گەورەترین و بەهێزترین دەسەڵاتەكانی مێژووی كۆن كە توانی ناوچەیەكی فراوان لە ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا كۆنتڕۆڵ بكات.

بەڵام لە ساڵی 330 پێش زایین دوای هێرشەكانی ئەسكەندەری مەكدۆنی و رووخانی شاری تەختی جەمشید، كۆتایی پێهات و یۆناكان دەسەڵاتیان لە ناوچەكەدا گرتەدەست.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان