مەودا میدیا-
لە ساڵی 2009 ئەو كاتەی بیتكۆین تازە سەری هەڵدابوو، هێشتا هیچ كەسێك نەیدەزانی كە بڕیارە ئەم دراوە دیجیتاڵییە رۆژێك جیهان بگۆڕێت و بەهای هەر دانەیەكی بگاتە هەزاران دۆلار.
لە هەمان ساڵدا، ئەندازیارێكی كۆمپیوتەری بەریتانی بە ناوی “جەیمس هاوەڵز” بە كۆمپیوتەرە كەسییەكەی خۆی دەستی كرد بە (ماینینگ)ـی بیتكۆین. ئەو بەبێ ئەوەی بزانێت سەرقاڵی دروستكردنی چ سەرمایەیەكی گەورەیە، لە ماوەیەكی كەمدا نزیكەی 8,000 بیتكۆینی بەدەستهێنا. ئەو كاتە ئەم بیتكۆینانە بەهایەكی ئەوتۆیان نەبوو، هیچ كەسێكیش نەیدەزانی هەر ئەم چەند هەزار بیتكۆینە بڕیارە دوای چەند ساڵێك ببێتە سەرمایەیەك بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار.
دواتر جەیمس وشەی نهێنیی دەستگەیشتن بەم بیتكۆینانەی لەسەر هارد دیسكێك پاشەكەوت كرد، هاردێك كە زانیاریی زۆر گرنگی تێدابوو، بەڵام خۆی هێشتا نەیدەزانی رۆژێك هەر ئەم ئامێرە بچووكە دەكرێت بەهای سەدان ملیۆن دۆلاری هەبێت.
هارد دیسكەكە ماوەیەك لە ماڵەوە مایەوە، و چەند ساڵێك دواتر لە كاتی ماڵ خاوێنكردنەوەیەكی سادەدا، ئەم هارد دیسكە بە هەڵە فڕێدرایە ناو تەنەكەی خۆڵ و رەوانەی شوێنێكی گەورەی فڕێدانی پاشماوە لە وێڵز كرا.
كاتێك جەیمس بەم هەڵە كوشندەیەی زانی، بەهای ئەو هەشت هەزار بیتكۆینە گەیشتبووە سەدان ملیۆن دۆلار، سەرمایەیەك كە دەستگەیشتن پێی تەنها و تەنها پێویستی بە هەمان ئەو هارد دیسكە ونبووە هەبوو.
لەو كاتەشەوە تا ئەمڕۆ، جەیمس ژیانی خۆی تەرخان كردووە بۆ هەڵكەندن و گواستنەوەی دەیان هەزار تۆن لە زبڵ و پاشماوە بۆ دۆزینەوەی ئەو هاردە بچووكە. ئەو تەنانەت پێشنیازی ئەوەی كردووە كە دەیان ملیۆن دۆلار لەم سەرمایەیە ببەخشێتە ئەنجومەنی شار و رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ ئەوەی رێگەی پێبدەن پشكنین و گەڕان ئەنجام بدات، بەڵام دەسەڵاتدارانی شار بەهۆی مەترسییە ژینگەییەكانەوە رێگەی ئەم كارە نادەن.
بەڵام تەنها هەر جەیمس نییە، چونكە مەزەندە دەكرێت كە زیاتر لە سێ ملیۆن بیتكۆین لە سەرتاسەری جیهاندا بەهۆی لەبیرچوونی وشەی نهێنی یان ونبوونی هارد دیسكەكان، بۆ هەمیشە لە جیهانی دیجیتاڵیدا قوفڵ بووبن، سەرمایەیەكی یەكجار گەورە كە هیچ كەسێك ناتوانێت دەستی پێی بگات.
ئەگەر تۆ لە شوێنی جەیمس بوویتایە، ئامادە بوویت هەموو ژیانت تەرخان بكەیت بۆ گەڕان لەناو هەزاران تەن زبڵدا بۆ دۆزینەوەی ئەم سامانە، یان بە تەواوی لەبیرت دەكرد؟
ئ پ