مەودا میدیا-
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، هێشتا رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە، کە لە ساڵی 2020 لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقدا واژۆ کرابوو.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ریگەیاند “پێویستە تەواوی ئەو ئاستەنگانە لاببرێن کە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی شنگال بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، داوا لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەکەن هاوکار بن لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستادا پێشکەوتنی بەرچاو لە دانووستانەکاندا هەیە بە ئاراستەی دەستنیشانکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال، بۆ ئەوەی دەست بە ئاوەدانکردنەوە بکرێت و زەمینەی گەڕانەوەی ئاوارەکان فەراهەم ببێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “دوای داگیرکردنی بەشێک لە خاکی عیراق لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا، بەڵام دوای تێکشاندنی داعش، بەشێک لەو ئاوارانە بە شێوەیەکی پلەبەندی گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان”.
ب ح