مەودا میدیا-
شاندێکی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆكایەتی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەشداریی لە كۆنگرەی هاوپەیمانیی دیموكراتی كۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبیدا كرد و ئاشکرایکرد تیرۆر هیچ نیشتمانێكی نییە و هێزە تاریكپەرستەكان هەموو كۆمەڵگە سەقامگیرەكان دەكەنە ئامانج.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند “ناوچەكە لەژێر كاریگەریی پێشهاتە هەرێمی و جیهانییە زۆر ئاڵۆزەكاندا دەژی، تێیدا ململانێ و شەڕ هەڵدەگیرسێت کە گەلانی ناوچەكە هیچ بەرژەوەندییەكیان تێیدا نییە، بەڵام بەداخەوە، هەر ئەوانن كە ناچار دەكرێن باجی قورسی ئەم ململانێیانە بدەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ململانێیەکان بوونەتەهۆی دروستبوونی بارودۆخێک لەنا سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كەمبوونەوەی دەرفەتەكانی گەشەپێدان و وەبەرهێنان، كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی دیموكراتی و كۆمەڵایەتی گەلەكان دەكات و مەترسی لەسەر داهاتوویان دروست دەكات”.
ئەوەشی خستەڕوو “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەر رێباز و بەرنامەی خۆی بەردەوام دەبێت لەپێناو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی لەسەر بنەمای دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، یەكسانی و ئازادییەكان و هەمیشە پشتیوانیی چارەسەری عەقڵانی دەكەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و سەربەرز بۆ هاوڵاتییان”.
ب ح