چاوبرسی

کاروان ئەنوەر

دەڵێن تەنها گۆڕە كە چاوی مرۆڤ تێر بكات، كەسیش لەگەڵ خۆی هیچ شتێك ناباتە ناو گۆڕەوە. دەگێڕنەوە كە ئەسكەندەری مەكدۆنی هەموو سەرزەمینی كۆن داگیر دەكات، ئیتر وشكانییەك نامێنێتەوە بۆ داگیركردن، بۆیە روو لە ئاسمان و دەست بە گریان دەكات، دەڵێت خودایە ئیتر من كوێ‌ داگیربكەم؟ هەر ئەم كەسە دەكەوێتە ناو جێگە و نەخۆشیی زۆری بۆ دەهێنێت، وەسیەت بۆ دارودەستەكەی دەكات: كە مردم با هەردوو دەستم لە تابوتەكەوە بێنە دەرەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی سەرزەمینەکەم بزانن كە من هیچم لەگەڵ خۆم نەبرد بۆ ناو گۆڕەكەم.

خۆی لە راستیدا وشەی برسی بۆ (سك) بەكاردێت، بەڵام لە بونیاتی مرۆڤدا، تێربوون خەمێكی ئەزەلییە، ھەیە بە کەم تێردەبێت، ھەیە بە زۆریش تێر نابێت، بۆیە لە كوردیدا وشەی برسی بە هەموو ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤەوە لكێنراوە: (سكی برسی، چاوی برسی، گیرفانی برسی، ناوگەڵ برسی، دەستی برسی، دڵی برسی… هتد). بۆ هەر شوێنێكیش لەمانە شیكار و قوڵبوونەوە و شۆڕبوونەوەی جیاواز ھەن، من دەڵێم برسیبوون حاڵەتێكی بایۆلۆژییە و هەموو زیندەوەران برسی دەبن و دەبێت تێر ببن، یان تێریان بكەیت یان خۆیان هەوڵی تێربوونی خۆیان بدەن، بۆیە بەھێز لاواز قوت دەدات. یاسای دارستان لەمەوە پەیدابوو کە مانەوە بۆ بەھێزەکانە، بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێت مانەوە بۆ باشترینەکانە، چونكە ژیان لەسەر زەویدا بەردەوام نابێت ئەگەر مرۆڤەکان بە شەریعەتی دارستان حوکم بکەن، برسێتی بڵاودەبێتەوە، ئەوسا ئەوەی پارەی پێبوو بۆ ئەوەی تێرتر بێت، ئەوانی تر قووت دەدات، دەوڵەمەند ھەژار دەپارێزێت، بەڵام  لە گەدە و ریخۆڵەیدا ھەڵیدەگرێت، ئەمەش ئەو مەترسییەیە کە بیرمەندان بە لەناوچوونی سۆزی مرۆڤایەتی دەیناسێنن. لەبەر ئەمانەیە دروشمی برسی بۆ شۆڕشەكان و بزووتنەوەكان و حزبەكان و گرووپ و دەستە و تاقمەكانیش دروشمێكی جوان و گونجاو و لەبارە بۆ هەموو كات و شوێنەكان.

جا ئەم هاوكێشەیە (تێربوون كە دژەكەی برسی بوونە) وەك كەلێنێكی فەلسەفی لە بەرانبەر یەكدا دژ دەوەستن، بە نموونە مێشك تێر بێت سك برسی دەبێت، سك تێر بێت ناوگەڵ برسی دەبێت، چاو تێر بێت مێشك برسی دەبێت، گیرفان تێر بێت هەموو ئەندامانی جەستە برسی دەبن بە دەست و چاو و مێشك و دڵ و دەروون و هەست و نەستەكانیشەوە، بەڵام هەر كەسایەتییەك جگە لە ئاژەڵ، واتە هەر بیرمەندێك بە جۆرێك لە جۆرەكان برسی دەبن، لەوانەش برسیبوونی دەسەڵات و كورسی و پارە و پول و ماركە و جلوبەرگ و ترۆمبێل و پۆز و بۆینباخ و بۆن و باخ و ئێكسسوارەكانی تری ژیان… ئەی ئەگەر تێركردن ئەرکی ژیرەکان بێت، کەواتە تێربوونی ساوا و شیرەخۆرە و مێردمناڵ و ژن و دایك و باوك و میللەت و هەژاران و خاوەن پێداویستییەكان، پرۆسەیەکی ئاسان نابێت.

بە شێوەیەكی گشتی ئەم هەویرە ئاوی زۆر دەكێشێت، ئەوەی برسێتیی راستەقینەی نەدیبێت نازانێت كە میللەتی برسی دیواری پۆڵاینیش دەڕوخێنێت، سك هەڵگوشین چمكێكی دیاری مێژووی كورد بووە، بۆیە لە زمانەكەماندا پرسی بوون و تێریی و برسێتی، زۆر بە قووڵی رۆچووەتە ئەدەبیات و ئیدیۆم و زمانی بازاڕیشەوە: (تێر ئاگای لە برسی نییە، دەستی ماندوو لەسەر سكی تێرە، بە سكێك تێرە بە دە برسی، لە برسی مەپرسە باسی نان بكات، نانی جۆ و دۆی ترش ئەیخۆیت بیخۆ نایخۆیت چش…).

لەم پەندانەوە بە تایبەتی لە نان و دۆی ترشـەوە، دەردەكەوێت كە پارەكان تەنها ژمارەن و هیچی تر نین، چونكە كەسمان نابینە ئەسكەندەر، ئەو هیچی نەبرد ئەی تۆ چی دەبەیت؟ لەبری یەك ملیۆن، با سەد ملیۆنیش وەربگریت، بەڵام وەك خائین، خۆفرۆش، دین فرۆش، گۆڕەكەشت لە ئامێزت ناگرێت.

تف لە ملیۆن تف لە ملیار تف لە دۆلار تف لە ڤێلا تف لە ماشین تف لە دینار..

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

س.س

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان