مەودا میدیا-
بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی داوای 20 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بکات.
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند “ئەمڕۆ بە مەبەستی وەرگرتنی بەشەپشکی نەوتی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عیراق دەکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە نووسراوەکەدا داوای بڕی 20 ملیۆن لیتر نەوتیان کردووە و پێشبینی دەکەن هەر لەم هەفتەیەدا نەوتەکە بگاتە سلێمانی لە نزیکترین بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشی دەکەن”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و کەمیی کارەبای نیشتمانییەوە، خواست لەسەر سووتەمەنی زیادیکردووە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی گەیشتووەتە نزیکەی 400 هەزار دینار و بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی هاوڵاتییان دروستکردووە.
ب ح