مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاشکرایکرد وەزارەتی نەوت بڕیاری دابەشکردنى 50 ملیۆن لیتر نەوتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان دەرکردووە.
دیلان غەفور، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند “وەزارەتى نەوت، نووسراوى ئاراستەى پارێزگاکانى سەڵاحەدین، کەرکوک و نەینەوا کردووە، پارەى نەوتى سپى بۆ هەر لیترێک بخرێتە سەر هەژمارى بانکیى وەزارەتەکەیان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “نووسراوەکەی وەزارەتی نەوت بۆ ئەوەیە نەوتەکە لە پاڵاوگەى سمود،کۆگاکانى بەغدا و نەینەوا، نەوتى سپى بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دابین بکرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەپێی داتاکانى وەزارەتى نەوتى عیراق، دابەشکاريى ئەو 50 ملیۆن لیترە بەمشێوەیەیە (پارێزگاى سلێمانى 19 ملیۆن و 314 هەزار لیتر، پارێزگاى هەولێر 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر، پارێزگاى دهۆک 10 ملیۆن و 792 هەزار لیتر و پارێزگاى هەڵەبجە یەک ملیۆن و 154 هەزار لیترى بەردەکەوێت”.
ب ح