پێنتاگۆن نوێترین خەمڵاندنی بۆ تێچووی شەڕی ئێران ئاشكرا كرد

مەودا میدیا-
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن)، لە كۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە تاوەكو ئێستا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زیاتر لە 48 ملیار دۆلاری لەو شەڕەدا خەرج كردووە كە دژی ئێران بەرپای كردووە.

ئەم ژمارەیە بە رێژەیی نزیكەی لەسەدا 26 زیادی كردووە بەراورد بە خەمڵاندنێكی پێشووتری نووسینگەی بودجە لە كۆنگرێس، كە تێیدا هاتبوو تێچووی شەڕەكە تاوەكو یەكی مانگی ئابی رابردوو گەیشتبووە 38 ملیار دۆلار.

ئارسەر میلەر، جێگری چاودێری دارایی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، بە كۆنگرێسی راگەیاندووە “تاوەكو 13ی تشرینی دووەم، بڕەكە گەیشتووەتە 3.48 ملیار دۆلار”.

میلەر لە میانی دانیشتنێكی تایبەت بە پاڵاوتنی بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری هێزی دەریایی بۆ كارگێڕیی دارایی، ئاماژەی بەوەش كرد “ئەو ژمارەیە تێچووی تەقەمەنییەكان، گۆڕینەوەی كەرەستە و ئامێرەكان، هەروەها تێچووە كارپێكردنەكان (ئۆپەراسیۆنەكان) لەخۆدەگرێت”.

ئەم خەمڵاندنە ئەو زیانانە ناگرێتەوە كە بەهۆی هێرشەكانی ئێرانەوە بەر بنكەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەوتوون، هەروەها ئەو زیانانەشی تێدا هەژمار نەكراوە كە بەر ئابووریی جیهان كەوتوون.

شەڕەكە لێكەوتەی ئابووریی بەرفراوانی لێكەوتووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ئێران رێگری لە جووڵەی كەشتیوانی كردووە لە گەرووی هورمز، كە رێڕەوێكی هەستیار و گرنگە بۆ هەناردەكردنی نەوت و گاز.

لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەكانی ئێران، ئەم هەنگاوەش بوونی چڕوپڕی هێزی دەریایی ئەمەریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەخۆدەگرێت، كە كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكانیش دەگرێتەوە.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان