مەودا میدیا-
کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکان و لێکەوتەکانی بڕیارەکانی عەلی زەیدی، کۆبوونەوە و راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایانگەیاند “دەوڵەتی عیراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە و بەپێی دەستوور مافی هەموو لایەک دیاریکراوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان، قەوارەیەکی دەستووریی جێگیرە و هیچ لایەنێک نابێت لە دەرەوەی دەستوور مامەڵە بکات و مافەکانی لایەنی تر پێشێل بکات”.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد “پێشوازیی لە رێکخستنی داهاتی سرووشتی و سنوورییەکان دەکەن، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان بێت، نەک لە بەرژەوەندیی حزب و گرووپ و کەسانی دەستڕۆیشتوو، داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان، موڵکی گەلە و دەبێت بە شەفافییەت و بە دادپەروەرییەوە خەرج بکرێت بۆ خزمەتی هاوڵاتییان”.
ئەوەشیان خستەڕوو “دڵسۆزان زوو هەستیان بەم مەترسییانە کرد و هۆشدارییان دا، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گوێیان بۆ دڵسۆزان نەگرت و بەردەوام بوون لە سیاسەتی تاکڕەوی و ناشەفافیەت، ئەمڕۆ لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بەسەر هەمووماندا دەشکێتەوە”.
باسیان لەوەشکرد “حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، بە گفتوگۆیەکی جددی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستووردا، کێشەکان چارەسەر بکەن و مووچە و قووتی هاوڵاتیان نەکەنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان”.
ب ح