نرخی زێڕ بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبوویەوە

مەودا میدیا-
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ داڕمانێكی گەورەی بەخۆوە بینی، رۆژی هەینی جارێكی تر نرخی ئەو كانزایە بەرزبوویەوە و هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 100 دۆلاری چووەسەر.

پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند”راستە بە زۆری نرخی زێڕ لەگەڵ بارودۆخی جیهانی بە تایبەتیش ئەمەریكا بەرزونزم دەكات، بەڵام ئێستا نرخی ئەو كانزایە لە بۆرسەی جیهانیدا تاڕادەیەكی زۆر پەیوەست نییە بە بەردەوامی پێشهاتەكات”.

وتیشی” لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە، بەڵام لە هەفتەی رابردوودا سەرەڕای بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە، كەچی هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 420 دۆلار دابەزی، ئەوەش وادەكات كڕیار و بازرگانان هیچ متمانەیەكیان بە پەیوەستبوونی بازاڕەكە بە بارودۆخی سیاسی نەمێنێت”.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوای دەستپێكردنی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 5,420 دۆلار، بەڵام چەند رۆژێك دوای بەردەوامی شەڕ جارێكیتر ئەو نرخە دابەزییەوە و هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 420 دۆلاری لەدەستدا و دابەزی بۆ 5,000 دۆلار، بەڵام دوای ئەوەش جارێكیتر دەستیكردەوە بە بەرزبوونەوە و لە كۆتایی هەفتەشدا نرخی هەرئۆنسەیەك گەیشتەوە 5,170 دۆلار.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان