مەودا میدیا-
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، چەند رێنماییەکی نوێی ئاڕاستەی دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکوانان لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا کرد و ئاشکرایکرد وەرگێڕانی پەیامی شێوێندراوی میدیا بیانییەکان بڵاوکار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم رایگەیاند “بەهۆی هەستیاریی بارودۆخی ناوچەکە، پێویستە گوتاری میدیایی هاوتەریب بێت لەگەڵ ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێمی کوردستان و رێگە نەدرێت میدیا ببێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” تەنها سەرچاوەی فەرمی و وتەبێژە ئەمنییەکان بنەمای زانیاریی بن و دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە بە پێویست دەزانن و جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم و رەچاوکردنی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی رۆژنامەگەری دەکەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو ” بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە، چونکە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات”.
باسی لەوەشکرد “نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی راستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت و پێویستە حەرەمی ماڵ و تایبەتمەندی تاکەکان بە تەواوی بپارێزرێت”.
ب ح