ژیانی چەرچڵ (1874-1965)، چەندین رۆمانی لێ دروست دەبێت، رەنگبێ وەک سەرۆکوەزیرانی یەکێک لە زلهێزەکانی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، زۆر ناوبانگی دەرکردبێت، بەڵام پێش ئەوە، وەک رۆژنامەنووس، نووسەر، سەربازێکی سەرکەوتوو لە سێ کیشوەر و پێنج جەنگ لە (کوبا، هیندستان، سودان، ئەفریقای باشوور و فەرەنسا) بەشدار بووە. لە بەریتانیا وەک پاڵەوان ناسرا دوای ئەوەی لە ساڵی 1899 لە گرتووخانە لە ئەفریقای باشوور لە بەندیخانە را دەکات و 500 کیلۆمەتر بە پێ، چەند وڵات دەبڕێت، بەبێ پارە و خواردن، بێ ئەوەی زمانی ئەو وڵاتانە بزانێت، رزگاری دەبێت. هەر لەو ساڵەدا خۆی کاندید دەکات و دەیباتەوە، ئەو کاتە لە تەمەنی 25 ساڵیدا دەبێت. بۆ ئەو رووداوە وتەیەکی بەناوبانگی هەیە، دەڵێت: “هیچ شتێک لە ژیاندا لەوە خۆشتر نییە وەک ئەوەی تەقەت لێ بکەن و بەرت نەکەوێت”.
نووسەرێکی مێژوویی بەتوانا بووە، لە 1953 خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبدا وەردەگرێت. وێنەکێش بووە و پیکاسۆ ستایشی کردووە. یەکێک لەو وێنانەی کە کێشاویەتی؛ مزگەوتی کوتوبیای مەغریبی عەرەبییە، کە بە دیاری دەیداتە رۆزڤێڵت و لە ساڵی 2021 لە مەزاددا بە 11.5 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.
لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا فەرماندەی هێزی دەریایی بووە، زۆر ئازا و چاونەترس بووە. لە جەنگی جیهانیی دووەم و لە کاتی بۆمببارانی لەندەندا، لەجیاتی ئەوەی بچێتە پەناگە، دەچووە سەربان و سەیری دەکرد بزانێت بەرگرییەکانی دژەفڕۆکەی نێو شار چۆن کار دەکەن.
ژیانی منداڵیی ناخۆش بووە، باوکی هەرچەندە لۆرد و دەوڵەمەند بووە، لەبەر سیاسەت هەردەم دوور بووە لێی و ئەو کاتانەی کە نزیکیشی بووە، هەردەم سەرزەنشتی کردووە و بە کوڕێکی تەمبەڵ و بێخێر ناوی بردووە. دایکی، لەبەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی، دوور بووە لە کوڕەکەی، هەرچەندە دوای گەورەبوونی، دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی خستە خزمەت چەرچڵ، هەر بۆیە چەرچڵ دەڵێت: “دایکم وەک ئەستێرەی ئێواران بوو لەبەرچاوم، لەسەرخۆ دەبریسکایەوە، زۆرم خۆش دەویست، بەڵام لە دوورەوە”. لە شوێنێکی تردا دەڵێت: “کاتێک دایکت پێت دەڵێت پەشیمان دەبیتەوە گەر ئەو ئیشە بکەیت، بەبێ گومان، گەر بیکەیت لێی پەشیمان دەبیتەوە”. پەیوەندیی لەگەڵ دایەنەکەی زۆر باش بووە و بە دایکی راستەقینەی خۆی داناوە و هەردەم وێنەکەی لە ئۆفیسە فەرمییەکانی هەڵواسیوە.
لە بنەماڵەیەکی گەورەدا بووە و باپیرەگەورەی، جەنەراڵ جۆن چەرچڵ، لەو جەنگانەدا سەرکەوتوو بووە کە سەرکردایەتی کردووە، هەروەک لە جەنگی بلێنهایم سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت، لەبەرانبەردا پاداشت کراوە و کراوە بە “دۆقی مارلبۆرۆ”، هەر بۆیە چەرچڵ دەڵێت: “پارە کۆکردنەوە زۆر خۆشە، بەتایبەتی گەر دایباب بۆت کۆبکەنەوە”. وتەیەکی تری هەیە، دوای نووسینی کتێبەکانی لەسەر مارلبۆرۆ، وەک ژیاننامە و مێژووی باپیرەگەورەی و رێککەوتنی لەگەڵ چاپەمەنییەک تا بە پارەیەکی زۆر بڵاوی بکاتەوە، دەڵێت: “چوار بەرگەکەی مارلبۆرۆ، تەنیا پرۆژەیەکی مێژوویی نەبوو، بەڵکوو داراییش بوو، رزگاری کردم لە بێپارەیی”. هەروەها دەڵێت: “من لە نێو جێگەدا هێندەم نووسیوە، کە نووسەران لە ژیانیاندا نەیانتوانیوە بینووسن”.
· چەرچڵ هەردەم سەرکەوتوو نەبووە لە ساڵی 1915 لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، لە پلانی گالیپۆلیدا گەورەترین شکستی هێناوە. ئەو کاتە وەزیری هێزی دەریایی دەبێت، ئەو پلانەی دایدەنێت بۆ داگیرکردنی دەردەنیل لە تورکیا، شکستی گەورە دەهێنێت و دەبێتە هۆی کوژرانی هەزاران سەربازی هاوپەیمانان و دەبێتە پەڵەیەکی رەش لە ژیانیدا و ناچار دەکرێت دەست لە کار بکشێنیتەوە، دوای ئەوە تووشی خەمۆکی دەبێت و لەدوای ئەو نەکسەیە، دەست بە وێنەکێشان دەکات، کە ئەو کاتە لە تەمەنی چل ساڵیدا دەبێت. هەوڵی داوە خۆی وەک گەشبین نیشان بدات هەتا لە کاتی شکستەکاندا، وتویەتی: “هەڵسوکەوتت هەردەم وا بێت وەک ئەوەی قەت نادۆڕێیت” یاخود “ژیان سەفەرێکە، شایەنی ئەوەیە جارێک بیکەیت”، “پێویستم بە هاندان نییە، بەڵام ئامادەم هان بدەم”. “بەردەوام گەشبینم، چ پێویست دەکات وا نەبم”، “رێم لێ مەگرە کاتێک خەریکی رێکردنم”، “رەشبین، لە هەموو فرسەتێکدا زەحمەتی دەبینێت و گەشبینیش لە هەموو زەحمەتییەکدا فرسەت دەبینێت”، “ترس کاردانەوەیە و ئازایەتی بڕیارە”.
لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە وتە بەناوبانگەکانیدا دەڵێت: “هەرگیز، هەرگیز، هەرگیزاو هەرگیز خۆت بەدەستەوە نەدەیت”، “ئازایەتی، یەکەمین ژێرخانی هەموو رەوشتەکانی ترە”، “سەرکەوتن هەتا کۆتایی نییە و دۆڕانیش مردن نییە، گرنگ ئەوەیە توانای بەردەوامیت هەبێت”، “هەوڵدانی بەردەوام، کلیلی کردنەوەی تواناکانمانە”، هەروەها دەڵێت: “بۆ ئەوەی باشتر بیت، دەبێت زوو زوو گۆڕانکاری لە خۆتدا بکەیت”، “هەوڵی بەردەوامی (بە زیرەکی و هێز نا)، کلیلی هێزە شاراوەکانە”، “شەڕ دەکەین لە هەر شوێنێک دوژمنی لێ بێت؛ لە کەنارەکان، لە دۆڵ و چیاکان، لە شەقامەکان، لەو زەوییانەی دوژمنی لێیە… > Hoshyar: خۆمان بە دەستەوە نادەین”، “هیچم نییە پێشکەشتانی بکەم، جگە لە خوێنم، هیلاکیم، فرمێسکم و ئارەقەم”، “سەرکەوتن بە هەر نرخێک بێت، سەرکەوتن لەگەڵ هەموو توندوتیژییەکان، سەرکەوتن ئەگەر هات و رێگاکەش درێژ و پڕ ئاستەنگ بوو”، “ئێمە دەژین بەوەی پەیدای دەکەین، بەڵام ژیانمان دروست دەکەین بەوەی کە دەیدەینێ”، “ئامادەم لەگەڵ شەیتان هاوپەیمانی بکەم لەپێناو وڵاتەکەم”، “گەر شەیتان یارمەتیم بدات دژ بە هیتلەر، لە پەرلەمان بە باشی باسی دەکەم”.
· چەرچڵ زۆر حەزی بە خواردنەوەی کحول کردووە، هەر لە بەیانیی زووەوە دەستی بە خواردنەوە کردووە تا کاتی نووستنی. سەرەتا بە ویسکی و سۆدە، دواییش بە شەمپانیا و جن و مارتینی دەستی پێ کردووە، لە کۆتایی رۆژیشدا بە کۆنیاک کۆتایی پێ هێناوە. هۆکاری سەرەکی بۆ خواردنەوەی کحول، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی سەرباز بووە لە وڵاتانی هیند و ئەفریقییەکان. لەو شوێنانە ئاو پیس بووە، بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت لە نەخۆشی، لەجیاتی ئاو، کحولی خواردووەتەوە، یاخود تێکەڵی کردووە لەگەڵ ئاو. جارێک دەڵێت: “من زۆر زیاتر سوودم لە کحول وەرگرتووە وەک ئەوەی کحول لە منی وەرگرتووە”، هەروەها دەربارەی شەمپانیا ئاماژەی بە قسەکانی ناپلیۆن دەکرد: “ناتوانم بەبێ شەمپانیا بژیم. لە کاتی دۆڕاندا شەمپانیام پێویستە و لە کاتی بردنەوەشدا شەمپانیا شایەنمە”.
· چەرچڵ سەردانی سۆڤیەت دەکات و هەوڵ دەدات ستالین رابکێشێت بۆ هاوپەیمانی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا. لە گفتوگۆکەدا دەکەونە کێبڕکێی خواردنەوە و هەردووکیان زۆر دەخۆنەوە، بۆ بەیانییەکەی ستالین تووشی سەرئێشە دەبێت، بەڵام چەرچڵ هەڵدەستێت و دەکەوێتە کار کردن. ستالین باشترین براندی جۆرجیای دەرخوارد دەدات، چەرچڵ بەنامەیاک کە بۆ هاوسەرەکەی دەنووسێت، ستایشی ئەو براندییە دەکات و دەڵێت زۆر تایبەتییە. ستالین بە فڕۆکەی تایبەتی و پارێزبەندییەکی تایبەتی هەموو ساڵێک بۆ رۆژی لەدایکبوونی، سندووقێک لە باشترین براندی جۆرجی بۆ ناردووە. چەرچڵ هەرگیز ئەو دیارییەی رەت نەدەکردەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆر دژی کۆمەنیستی بووە. چەرچڵ بەئاشکرا دەیوت ستالین لە سیاسەتدا جێی متمانە نییە، بەڵام باش دەزانێت خواردنەوە هەڵبژێریت. ئەم سندووقەی وەک رێزگرتنی دوژمنێک بۆ دوژمنێکی تر دەبینی و دەیوت ئەمە تەنیا شتە کە ستالین تێیدا راستگۆیە.
هەندێک مێژوونووس دەڵێن ئەم کۆنیاکە رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گفتوگۆکانی نێوانیان؛ چەرچڵ بە وەرگرتن و خواردنەوەی کۆنیاکەکەی ستالین، نیشانی داوە کە کەسێکی کراوەیە بۆ گفتوگۆ. تەنانەت ئەو کاتەی کە چەرچڵ دۆڕاندوویەتی لە هەڵبژاردنەکاندا و لە دەسەڵات نەبووە، ستالین هەر بۆی ناردووە. چەرچڵ بە گاڵتەوە بە سکرتێرەکەی وتووە: تاقی بکەرەوە، نەوەک سۆڤیەت ژەهری بۆ تێ کردبم و لە هەمان کاتیشدا خۆی یەکەم پێکی خواردووەتەوە و وتوویەتی گەر مردم بڵێن بەهۆی کۆنیاکی سۆڤیەتییەوە مرد. پاش مردنی ستالین لە ساڵی 1953، دەڵێت ئێستا کێ کۆنیاکی جۆرجیم بۆ بنێرێت؟ مەگەر خۆم بەدوایدا بگەڕێم.
· کێشانی چرووت، کە لە کاتی سەربازیدا لە کوبا فێری بووە. چرووت و چەرچڵ، بوونەتە یەک پارچە، هیچ وێنەیەکی چەرچڵ نابینیت بەبێ ئەوەی چرووتێکی بە دەمەوە نەبێت. لە تەمەنی بیست و یەک ساڵییەوە تا مردنی، رۆژانە نۆ دانەی کێشاوە.
کاتێک حکومەت باجی زۆر دەخاتە سەر هاوردە، لە چەرچڵ دەپرسن چرووت زۆر گران ناوەستێت لەسەرت؟ چەرچڵ دەڵێت دەوڵەت دەبێت سوپاسم بکات، بەهۆی سیگارەکانمەوە بودجەی دەوڵەت بەرز بووەتەوە. یاخود جارێکی تر دەڵێت: “من بە سیگارەکەم ناسراوم و بووە بەشێک لە رووخسارم و گەر پێم نەبێت، خەڵک نامناسێتەوە”.
هەندێک جار وەک ئامێری سیاسی بە کاری هێناوە؛ جارێکیان لەگەڵ رکابەرێکی قسە دەکات و دەڵێت: “ببوورە سیگارەکەم دووکەڵ زۆر دەکات، بەڵام بەمە دەتوانم بۆنی قسەکانت داپۆشم”.
رۆژێک چەرچڵ حەز دەکات ئێوارەکەی بەتەنیا بباتە سەر و کەس نەبینێت، بە خزمەتکارەکەی دەڵێت هەر کەسێک هات بۆ بینینم پێی بڵێ کە چوومەتە دەرەوە و لە ماڵ نیم. خزمەتکارەکەی دەڵێت ئەی ئەگەر باوەڕیان پێ نەکردم؟ چەرچڵ دەڵێت کە دەرگە دەکەیتەوە یەکێک لە چرووتە باشەکانم بەدەمتەوە بگرە.
· چرووتی جۆری رۆمیۆ و جولیەتی کوبای کێشاوە، کاتێک لێی دەپرسن بۆ ئەو جۆرە دەکێشێت؟ دەڵێت چونکە رۆمیۆ دەبێتە خۆڵەمێش و جولیەت هەرگیز کۆتایی نایەت.
چەرچڵ لەسەر زیانی جگەرەکێشان دەڵێت: “جگەرەکێشێکی سەرسەخت، گەر زۆر لەسەر زیانەکانی جگەرەکێشان بخوێنێتەوە، ئەوا رۆژێک دادێت واز لە خوێندنەوە بهێنێت”.
جارێک لە نێو فڕۆکەیەکی جەنگیدا دەبێت و زۆر لە بەرزایی دەبن، کارمەندی فڕۆکەکە پێی دەڵێت کە نابێت جگەرە بكێشیت، چونکە ئۆکسجین کەمە لەو بەرزاییەدا؟ لە وەڵامدا دەڵێت: بۆ کەسانی تر ئۆکسجین پێویستە، بۆ من چرووت، بۆ ئەوەی بتوانم بیر بکەمەوە و بزانین لە کوێی جەنگداین. > Hoshyar: · ئێوارەیەک چەرچڵ هەندێک لە دۆستەکانی داوەت دەکات، دەستودڵی زۆر باش بووە لە پێشکەشکردنی کحول و چرووتدا. چرووتە بەنرخەکانی بۆ میوانەکانی رادەگرێت، یەکێکیان چنگێکی لێ دەدات و پێنج دانە بە یەکجار هەڵدەگرێت. چەرچڵ بە بێزارییەوە سەیری دەکات، میوانەکە دەڵێت ئەوە بۆ رێگە. چەرچڵ دەڵێت: “کەواتە زۆر سوپاست دەکەم کە لەو رێگە دوورەوە هاتوویت”.
چەرچڵ زۆر بەرگری لە سیستمی سەرمایەداری کردووە و دەڵێت: “جۆری حوکمڕانی زۆر تاقی کراوەتەوە و تاقی دەکرێتەوە لەو جیهانەی پڕە لە کێشە، کەس ناڵێت دیموکراتیەت تەواو حەکیمانەیە، بەڵکوو خراپترین حوکمڕانییە، تەنیا لەوانە خراپتر نییە کە لە پێشوودا تاقی کراونەتەوە. رکابەرایەتی سۆشیالیست و پارتی کرێکارانی کردووە و پێی وابووە سۆشیالیستەکان ئابووریی بەریتانیا بەرەو داڕمان دەبەن، لەم بارەیەوە چەند وتەیەکی گرنگی هەیە:
· یەکەم سۆشیالیست، کریستۆفەر کۆڵۆمبس بووە، نەیدەزانی لە کوێیە و بۆ کوێ دەچێت، هەموو گەشتەکەشی بە پارەی خەڵک کرد.
· لەژێر سایەی سەرمایەداریدا، نایەکسانی لە دەوڵەمەندیدا زۆرە. لەژێر سایەی سۆشیالیزمدا، یەکسانی لە هەژاریدا هەیە.
· سۆشیالیزم؛ فەلسەفەی دۆڕاوەکانە، بیروباوەڕی نەزانانە، ئینجیلی حەسوودەکانە.
· گەنجێکی لیبڕالیزمم نیشان بدە، منیش کەسێکی بێدڵ. پیرێکی سۆشیالیستم نیشان بدە، منیش کەسێکی بێدەماغ.
· سۆشیالیزم وەک ئەو پشیلەیەیە کە دەیەوێت بە کلکی خۆی خۆی تێر بکات.
· لە وڵاتی سەرمایەداریدا ئۆتۆمبێل زۆرە و لە وڵاتی سۆشیالیست شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل.
· جارێک بە یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی کە چووەتە نێو پارتی کرێکانەوە، دەڵێت: یەکەم جارە ببینم مشکێک بچێتە نێو کەشتییەک کە خەریکی نقومبوونە.
· چەرچڵ رۆژێک بە رێکەوت لەگەڵ “کلیمێنت ئەتلێ” سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پارتی کرێکاران لە (1945 بۆ 1951) لە هەمان راڕەوی ئاودەستەکان دەبن، چەرچڵ دەچێتە دوورترین ئاودەست. ئەتلێ لێی دەپرسێت ئەوە بۆ پارێزگاری وا دوورکەوتیتەوە؟ چەرچڵ دەڵێت “بەڵێ، ئێوەی سۆشیالیست هەموو بەرهەمێک خۆماڵی دەکەن”.
· هەموو کەسێک پشتگیریی رادەربڕین دەکات؛ هەندێک کەس وا دەزانن ئازادییە، هەرچی ویستیان بیڵێن و کاتێک وەڵامیان دەدەیتەوە، دەیخەنە قاڵبی رێگرتن لە ئازادییەوە.
· تووندڕەو ئەو کەسەیە نە دەتوانیت رای بگۆڕیت، نە بابەتەکەی.
· چەرچڵ تەنزئامێزی زۆر بووە لەگەڵ نووسەری چەپ و دراماتۆلۆژ بێرنارد شۆ. نووسەر بۆ یەکەم نمایشی یەکێک لە شانۆکانی، دوو کارتی داوەتنامە بۆ چەرچڵ دەنێرێت و بۆی دەنووسێت: دوو کارتم بۆ ناردیت تا لەگەڵ هاوڕێیەکت بێیت، گەر هاوڕێت هەبێت! چەرچڵ سوپاسی دەکات و دەڵێت: بۆ یەکەم نمایش ناتوانم بێم، بەڵام بۆ دووەم جاری دێم، دوودڵم کە نمایشی دووەم جاریشی هەبێت.
· دەربارەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پارتی کرێکان و خاوەنی نۆبڵ، جۆزێف چامبەرلین، دەڵێت: چامبەرلین کرێکاری زۆر خۆش دەوێت، بەتایبەتی کە کار دەکەن.
· جارێک پیاوێک دەگرن، چونکە هاواری کردووە “چەرچڵ شێتە”، رکابەرەکانی چەرچڵ دەڵێن ئەمە بۆیە گیراوە، چونکە نهێنییەکی وڵاتی ئاشکرا کردووە.
· چەرچڵ هەر لەگەڵ رکابەرەکانی لە پارتی کرێکاران توند نەبووە، بەڵکوو هەتا لەگەڵ ئەندامانی پارتی موحافیزکاریش. دوای پەیمانی میونیخ لە ساڵی 1938، چەرچڵ رەخنە لە سیاسەتی ئارسەر نیڤیڵ چامبەرلین، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە (1937 بۆ 1940) دەگرێت کاتێک سەری زۆر بۆ هیتلەر دانەواندووە و دەڵێت: “دوو بژاردەتان لەبەردەم بوو؛ بژاردەی شەڕ، یان شەرمەزاری. ئێوە شەرمەزاریتان هەڵبژارد”.
هەروەها رەخنەی لێ دەگرێت و دەڵێت: “وەک ئەو کەسەیە خواردن دەداتە تیمساح، بەو هیوایەی دواکەس بێت تیمساحەکە بیخوات”.
نانسی ئەستۆر، کە یەکەم ژن بووە لە پەرلەمانی بەریتانیدا، هەرچەندە لەگەڵ چەرچڵ لە هەمان پارتی کۆنزەرڤاتیڤ بوون، بەڵام زۆر ناکۆک بوون، بەتایبەتی لەسەر زۆرێک لە سیاسەتەکانی دەرەوە و مافەکانی ژن. ناکۆکییەکانیان بووە بە ترێندی ئەو کاتە، لەوانەش:
· چەرچڵ وتوویەتی: ژنێک لە نێو پەرلەمان، وەک ئەوە وایە لە گەرماو بیت و ژنێک بێتە ژوورە. خاتوو ئەستۆریش لە وەڵامدا پێی وتووە: تۆ ئەوەندە قۆز نیت تا لەوە بترسیت!
· بۆ ئاهەنگێکی تەنەکووری (دەمامکدار، تا نەناسرێنەوە) بانگهێشت دەکرێن. چەرچڵ دەپرسێت: دەبێت چۆن رووی خۆمان بشارینەوە؟ خاتوو ئەستۆر دەڵێت: تۆ تەنیا سەرخۆش مەبە، ئیتر ناناسرێیتەوە!
· خاتوو ئەستۆر رۆژێک پێی دەڵێت: چەرچڵ، گەر تۆ هاوسەری من بایت، ژەهرم بۆ لە پەرداخ دەکردیت! چەرچڵیش وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: بێگومان گەر هاوسەرت بام، ژەهرەکەم دەخواردەوە. > Hoshyar:
· چەرچڵ هەرچەندە رێزی لە ژن گرتووە وەک دایک و هاوسەری، بەڵام لە سیاسەتدا دژی ژن بووە لە پەرلەمان، خۆ ئەگەر لە کەمپی سۆشیالیستدا بوایە، هێندەی تر دژی ئەوە دەبوو، بەتایبەتی دوای شکشتەکەی لە هەڵبژاردنی 1945، کە پارتی کرێکاران بردیانەوە. خاتوو “بێسی برادیک”، ئەندام پەرلەمانی چەپ، پێی دەڵێت: “ها، وینستن سەرخۆشیت؟ بەڕاستی سەرخۆشیت!” لە وەڵامدا دەڵێت: “بەڵێ سەرخۆشم، تۆ ناشیرنی، بەڵام من بەیانی هەڵدەستم سەرخۆشی بەریداوم و تۆش هەر بە ناشیرنی دەمێنیتەوە”.
· ژنێکی جوان بە چەرچڵ دەڵێت: بۆ نایەیت پێکەوە بنووین و منداڵێک دروست بکەین، بەڵکوو وەک من جوان و وەک تۆ زیرەک بێت. چەرچڵ دەڵێت: ئەی ئەگەر وەک من جوان و وەک تۆ زیرەک بوو!
· رۆژێک لە ژنێکی دۆستی دەپرسێت: خاتوون، لە بەرانبەر یەک ملیۆن پاوەن لەگەڵم دەنوویت؟ ژنەکە سەری دەسووڕمێت لەو جۆرە پێشنیارە و بەلایەوە خۆشە، وەڵام دەداتەوە: “بەڵێ، وابزانم دەتوانم”. چەرچڵ بەردەوام دەبێت و پێی دەڵێت: “ئەی بە یەک پاوەن؟” ژنەکە پێی دەڵێت: “بۆ من بە چ جۆرە ژنێک تێگەیشتوویت؟” لە وەڵامدا چەرچڵ دەڵێت: “لای من ئەو خاڵە روونە، بەڵام ئێستا مامەڵەی بەهاکە دەکەین”.
· چەرچڵ رۆژێک لە کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ئامادە دەبێت. پیاوێکی سیاسیی رکابەری لەوێ دەبێت. رکابەرەکەی وا نیشان دەدات کە نایناسێت و بە خزمەتکاری دەبینێت، لە چەرچڵ دەپرسێت: توالێت لە کوێیە؟ چەرچڵ وەڵامی دەداتەوە: بە دەستە راست ئینجا چەپ، لەسەر دەرگاکە نووسراوە بۆ پیاوان، کێشەت بۆ دروست نابێت و دەتوانیت بچیتە ژوورەوە.
پەیوەندیی چەرچڵ لەگەڵ وڵاتانی تر:
· چەرچڵ لەگەڵ جەنەراڵ شارل دیگۆل رێک نەبوو، دەربارەی دیگۆڵ دەڵێت: “وەک ئەو بێچووە سەگەیە کە خواردنی دەدەیتێ و دوایی دەستت دەگەزێت”. جارێکی تر پێی دەڵێت: “جەنەراڵ، گەر رێگەم لێ بگریت، لەناوت دەبەم”.
· کاتێک چەرچڵ باسی وڵاتان دەکات، دەڵێت: “لە ئینگلتەرا هەموو شتێک رێگەپێدراوە تەنیا ئەو شتانە نەبێت کە رێگەپێدراو نین”، لە “ئەڵمانیا هەموو شتێک قەدەغەیە، تەنیا ئەو شتانە نەبێت کە رێگەپێدراون”، “لە فەرەنسا هەموو شتێک رێگەپێدراوە، تەنانەت ئەو شتانەی کە قەدەغەکراویشن”، “لە رووسیاش، هەموو شتێک قەدەغەیە، تەنانەت ئەو شتانەی کە رێگەپێدراویشن”
· لەگەڵ ئەمەریکا دەتوانین زۆر کاری باش بکەین، بەڵام دوای ئەوەی هەموو ئەگەرەکان تاقی دەکەینەوە.
زۆر جار کە سەردانی فرانکلین رۆزڤێڵتی کردووە لە کۆشکی سپی، لای ئەو، ماوەتەوە. لە کۆشکی سپی ژوورێکی بۆ دادەنرا بە گەرماوەوە، بەیانییەک رۆزڤێڵت سەردانی دەکات و دەبینێت چەرچڵ رووتە و تازە لە گەرماو هاتووەتە دەرەوە، رۆزڤێڵت دەشڵەژێت و دەیەوێت پشتاوپشت بە کورسییە رۆڵێتەکەیەوە بگەڕێتەوە دواوە. چەرچڵ رایدەگرێت و پێی دەڵێت: “سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هیچی نییە بیشارێتەوە لە سەرۆکی ئەمەریکا”.
· رووسیا مەتەڵێکی لوولدراوە لە نێو مەتەڵێکی گەورەتردا.
· بۆ ئەوەی بزانیت میللەتێک چۆنە، سەیری پەرلەمانەکەی بکە و بزانە کێیان هەڵبژاردووە، ئەو کاتە دەزانیت ئەو میللەتە گوڵباران بکەیت یان پێڵاو.
· بەو سەربازەی لەسەر شەقامدا وەستاوە، دەزانیت ئەو دەوڵەتە چەند قورس و گرانە.
· هەموو میللەتێک دەبێتە خاوەنی ئەو حکومەتەی شایەنیەتی.
· هێزی وڵاتان بە هێزی مەودای تۆپەکانیان دەپێورێت.
· چەرچڵ بەلایەوە ئاسایی بووە پەشیمان بێتەوە، لەو بارەیەشەوە وتوویەتی: “لە ژیانمدا زۆر جار پاشگەزبوومەتەوە لەو قسانەی کە ویستوومە بیانڵێم و نەمگوتوون و لە نێو خۆمدا خواردوومنەتەوە، با ئەوەش بڵێم خواردنەوەیەکی باش بوون بۆم”، یاخود “هەرگیز تووشی توخمە نەبووم کاتێک کە قسەکانم دەخۆمەوە”، “ئێمە گەورەی ئەو وشانەین کە نەمان وتوون و دیلی ئەو وشانەشین کە وتوومانن”.
هەندێک لە دیگاکانی تری دەربارەی سیاسەت و ژیان:
· مرۆڤی سیاسیی گرنگ، ئەو کەسەیە دەتوانێت پێشبینی بکات لە داهاتوودا چی روو دەدات، پاشان بزانێت ئەوە شیی بکاتەوە کە بۆچی ئەوەی پێشبینیی کردبوو رووی نەدا.
· باشترین وانە لە ژیان، ئەوەیە بزانیت هەندێک جار گەمژەکانیش لەسەر حەقن.
· چەرچڵ زاواکەی خۆش نەدەویست، رۆژێک زاواکەی لێی دەپرسێت: کاتی شەڕ کام سەرۆکت لا گەورە بوو؟ چەرچڵ دەڵێت: مۆسۆلینی. زاواکەی لە هۆکارەکە دەپرسێت. چەرچڵ دەڵێت: چونکە زاواکەی بەر گوللە داوە.
· رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی وتارەکەی وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسی، چەرچڵ پێی دەڵێت: تا وەرگێڕانەکەی تۆم نەخوێندەوە، نەمدەزانی وتارەکەم هێندە بەهێز و بەرز و مێژووییە. > Hoshyar: · من ئامادەم خالقم ببینم، بەڵام نازانم خالق خۆی ئامادەیە بۆ بینینم، ئەمەیان مەسەلەیەکی ترە.
· مێژوو نەرم دەبێت لەگەڵم، چونکە هەوڵی نووسینەوەی دەدەم.
· لە رۆژی کریسمس، لەسەر سفرە دەیەوێت قازێکی برژاو پارچە بکات، تێدەگات کە قازەکە لە پەلەوەرەکانی خۆیەتی. دەست هەڵدەگرێت و دەڵێت ناتوانم دەم لە قازێک بدەم کە لە نزیکەوە ناسیومە.
· وێنەگرێکی گەنج، لە ساڵڕۆژی هەشتا ساڵەی چەرچڵدا وێنەی دەگرێت و پێی دەڵێت: “گەورەم، هیوادارم وێنەی سەد ساڵیشت بگرم”. چەرچڵ پێی دەڵێت: “کوڕم، تۆ تەندروستیت و لەشولارێکی باشت هەیە، دوودڵ نابم لەوەی کە دەتوانیت”.
· دەربارەی دروستکردنی لیژنە، دەڵێت: لیژنە چەند کەسێکن، بە تەنیا هیچیان بۆ ناکرێت و کۆ دەبنەوە تا بڕیارێکی پێکەوەیی بدەن و بڵێن هیچ ناکرێت.
· دوو شت لە وتاری دوای نانخواردنی ئێواران قورسترە؛ بەسەر دیوارێکدا سەر بکەویت کە خواربووەتەوە بە لای تۆدا، کچێک ماچ بکەیت حەز بکات دووربکەوێتەوە لێت.
· سەبارەت بە یاریی گۆڵفدا دەڵێت: تۆپێکی گۆڵفی بچووک، بیخەیتە کونێکی بچووکتر و بە چەکێک بۆ ئەو مەبەستە دروست نەکرابێت.
· سیاسەت لە شەڕ خراپترە، لە شەڕدا تەنیا یەک جار دەکوژرێیت.
· بەئەدەبی ئەوەیە بە یەکێک بڵێیت بڕۆ بۆ جەهەنەم و وا بزانێت پێی دەڵێیت بڕۆ بۆ گەشتوگوزار.
· مێژوو، سەرکەوتووەکان دەینووسنەوە.
· سەرکەوتن ئەوەیە لە کەوتنێکەوە بچیت بۆ کەوتنێکی تر بەبێ ئەوەی لە ورەت کەمبێتەوە.
· ئازایەتی ئەوەیە بە پێوە بیت و قسە بکەیت لەکاتێکدا بتوانیت دابنیشیت و گوێ بگریت.
· من بەردەوام ئامادەم فێر ببم، بەڵام تاقەتی فێرکردنی خەڵکم نییە.
چەرچڵ بەهۆی ئەوەی تەمەنێکی درێژ ژیاوە و زۆربەی تەمەنیشی لە کاردا بووە، جا چ وەک رۆژنامەنووس، مێژوونووس، سەرباز، پیاوی دەوڵەت و حزبایەتی، هەر بۆیە قسە و وتەکانی بە هەند وەرگیراون و بوون بە ترێند، لەوانە:
· لە سیاسەتدا نە دوژمنی بەردەوام، نە دۆستی بەردەوام هەیە، بەڵکوو بەرژەوەندیی بەردەوام هەیە.
· کاتێک هەڵۆکان بێدەنگ دەبن، بەبەغاکان دەکەونە زۆربڵێیی.
· دوژمنت هەیە، زۆر باشە… ئەمە مانای وایە رۆژێک لە رۆژان تۆ بەرگریت لە شتێک کردووە.
· شتە گەورەکان دەکرێت زۆر بە سادەیی و بە وشەی کورت باس بکرێن، وەک: ئازادی، دادپەروەری، شەرەف، ئەرک، بەزەیی و هیوا…
· زۆر خەڵک بەرز بوونەتەوە، هەندێکیان بەسەر شانی هاوڕێکانیان و هەندێکیان بەسەر کەللەسەری دوژمناندا.
· مێژوو دەخوێنم، لەوێوە فێری نهێنییەکانی حوکمکردن دەبم.
· هەرگیز ناگەیتە شوێنی مەبەست، گەر هەر سەگێک پێت بوەڕێت و تۆش بۆ بەردتێگرتنی بوەستیت.
· شەڕکەرە سەرکەوتووەکان زۆربەی کات ناتوانن ئاشتی دروست بکەن، ئاشتیخوازەکان بە ئاستەم دەتوانن لە شەڕدا سەرکەوتوو بن.
· گەر بە جەهەندەمیشدا رۆیشتی، بەردەوام بە لە رۆیشتن.
· کۆلارە بە پێچەوانەی باوە بەرز دەبێتەوە، نەک رووە و با.
· درۆ بەئاسانی بڵاو دەبێتەوە، پێش ئەوەی راستی بۆی رێک بکەوێت بەدیار بکەوێت.
· ئەگەر دوو کەس بەردەوام هەمان رایان هەبوو، ئەوە یەکێکیان زیادەیە.
· کاتێک پێویست دەکات یەکێک بکوژیت، بێنرخییە نیشانی بدەیت بەئەدەبیت.
· ئەستێرە، نادرەوشێتەوە، تەنیا لە شەودا نەبێت.
· بەهای لێپرسراوێتی، سەرکەوتنە.
· ئیمپراتۆریەتی داهاتوو، ئیمیراتۆریەتی عەقڵە.
· هەوڵی بەردەوام، کلیلی هێزە شاراوەکانە.