مەودا میدیا-
وەزارەتی کارەبای هەرێم، پسووڵەی مانگی دووی هاوبەشانی ماڵانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی دابەش کرد. بەپێی داتا فەرمییەکان، 80%ی هاوڵاتییان، بەتایبەت کەمدەرامەتان، پارەیەکی زۆر کەمتریان بۆ گەڕاوەتەوە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە دەیاندا.
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند “نیوەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە مانگی دوودا، بڕی پسووڵەکانیان کەمتر بووە لە 36 هەزار دینار. نرخەکان لە شارەکان بەم شێوەیە بووە:
هەولێر: نیوەی هاووڵاتیان کەمتر لە 30,000 دینار.
سلێمانی: نیوەی هاووڵاتیان کەمتر لە 35,000 دینار.
دهۆک: نیوەی هاووڵاتیان کەمتر لە 74,000 دینار.
هەڵەبجە: نیوەی هاووڵاتیان کەمتر لە 39,000 دینار.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پڕۆژەی رووناکی ئێستا گەیشتووەتە زۆرترین ژمارەی هاوڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە چوار ملیۆن و 427 هەزار هاوڵاتیی و 137 هەزار شوێنی بازرگانی لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوون، زۆرترین هاوبەش لە هەولێرن کە ملیۆنێک و 935 هەزار کەسن، پاشان سلێمانی بە ملیۆنێک و 345 هەزار و دهۆک بە 495 هەزار هاوبەش دێن”.
ب ح