مەودا میدیا-
دکتۆرێکی بایۆلۆجیست لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ ئاشکرایکرد نەخۆشی پاقلە نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، تێیدا جەستە ناتوانێت ئەنزیمێکی گرنگ بە ناوی (G6PD) بە بڕی پێویست بەرهەم بهێنێت.
دڵشاد حمەسعید عەبدوڵڵا، دکتۆری بایۆلۆجیست رایگەیاند “ئەنزیمەکە ئەرکی پاراستنی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە لە تێكشکان،کاتێک کەسەکە پاقلە دەخوات یان بەر هەندێک دەرمان دەکەوێت، خڕۆکە سوورەکان تێکدەشکێن و کەسەکە تووشی کەمخوێنییەکی کتوپڕ دەبێت”.
یەکەم: هۆکارەکانی چالاکبوونی نەخۆشییەکە:
1-کەسی تووشبوو تا ئەو کاتەی بەر ئەم ماددانە نەکەوێت، ژیانێکی ئاسایی هەیە.
2-ئەم نەخۆشییە گواستراوە نییە (واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ناگوازرێتەووە)، بەڵکو لە ڕێگەی بۆماوەیی (Generic) لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، هۆکارە سەرەکییەکانی دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشیەکە بریتییە له:
-خواردنی پاقلە: چ بە کاڵی بێت یان بە کوڵاوی
-بۆنکردنی گوڵی پاقلە لە هەندێک حاڵەتی تووند
-هەندێک دەرمان وەک دەرمانی مەلاریا، هەندێک جۆری دژەبەکتریا (سولفا)، و ئەسپرین
-هەوکردن و تووشبوون بە هەندێک ڤایرۆس یان بەکتریا دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی ئەنزیمەکە.
-هەندێک جار بۆنکردنی خەنەو بەکارهێنانی بۆقژ و دەست.
دووەم: نیشانە باوەکان
کاتێک خڕۆکە سوورەکان تێکدەشکێن، ئەم نیشانانە دەردەکەون
1-زەردبوونی ڕەنگی پێست و سپێنەی چاو (نەخۆشی زەردویی).
2-تۆخبوونی ڕەنگی میز (بۆ ڕەنگی پرتەقاڵی یان کۆلا).
3-هەستکردن بە ماندوێتی و بێهێزییەکی زۆر.
4- تەنگەنەفەسی و خێرا لێدانی دڵ
5-بەتایبەت ئەم نیشانانە لەمناڵاندا توونتردەبن و پێویستەبەوردی چاودێری بکرێن.
تێبینی/ ئەگەر ڕێژەی کەمخوێنییەکە زۆر بوو، پێویستە نەخۆشەکە لەنەخۆشخانە بهێڵرێتەووە بۆ وەرگرتنی خوێن و شلەمەنی پێویست.
بۆچی پیاوان زیاتر تووش دەبن؟
ئەم نەخۆشییە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە جینات و کرۆمۆسۆمەکانەوە هەیە
ئەو جینەی بەرپرسە لە دروستکردنی ئەم ئەنزیمە، لەسەر کرۆمۆسۆمی (X) هەڵگیراوە.
لە پیاواندا چونكە پیاو تەنها یەک کرۆمۆسۆمی (X) هەیە، ئەگەر ئەو جینەی سەر کرۆمۆسۆمەکە تێکچوو بێت، ڕاستەوخۆ تووشی نەخۆشییەکە دەبێت. بۆیە ڕێژەی تووشبوون لە پیاواندا زۆر زیاترە
لە ئافرەتاندا: چونكە ئافرەت دوو کرۆمۆسۆمی (X) هەیە، ئەگەر یەکێکیان تێکچوو بێت، ئەوی تریان قەرەبووی دەکاتەوە. بۆیە ئافرەتان زۆر کەمتر تووشی نیشانە توندەکان دەبن و زۆربەی کات تەنها هەڵگری (Carrier) نەخۆشییەکەن و دەیگوازنەوە بۆ نەوەکانیا
سێیەم: دەستنیشانکردن و چارەسەر
1-دەستنیشانکردن: تەنها لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەبێت بۆ زانینی ئاستی ئەنزیمی G6PD.
2-چارەسەر: تا ئێستا چارەسەرێکی بنبڕی نییە چونکە پەیوەندی بە جیناتەوە هەیە، بەڵام چارەسەری سەرەکی خۆپاراستنە.
ب ح