مەودا میدیا-
وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشکرایکرد ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نییە و لای یەكێتی ئاڵوگۆڕی پۆست پڕۆسەیەكی دیموكراسییە و هەندێك لایەن بە ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك شڵەژاون و دەپرسین ئەگەر لەخەمی ئەو پۆستەدا بوون بۆ كورد، بۆ دەنگیان بە رێبوار تەها نەدا؟ بۆ پیرۆزباییان لێنەكرد؟ بۆ سكاڵایان لەسەر تۆمار كرد؟.
كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند “سەرەڕای دژایەتی و نەبوونی بودجە، رێبوار تەها توانی خزمەتێكی باش بە كەركوك و كەركوكییەكان بكات، بۆیە بەناوی یەكێتییەوە سوپاسی خۆیی و تیمەكەی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكەن، لەبەر ئەوەی توانیان وێنەیەكی جوان لە پێكەوە ژیان و ئاشتی و سەقامگیری و لەسەر سیاسەتی جەنابی سەرۆك مام جەلال لە كەركوك پێشكەش بكەن، هیواخوازن ببێت بە نموونەیەك بۆ هەموو عیراق و كوردستان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكرێت و ئەم هەنگاوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەربنەمای سایەستی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال-ە، كە سیاسەتی چەپكە گوڵەكەیە، سیاسەتی پێكەوە ژیانە، كە جەنابی سەرۆك مام جەلال لە كەركوك پێشنیاری كرد، بەپڕۆژەیەك بۆ دابەشكردنی مافی پێكهاتەكان، 33 بە 33 بە 33، ئەمڕۆش ئێمە ئەم سیاسەت و ئەم رێبازەی سەرۆك مام جەلال بە حەكیمی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی جێبەجێ دەكەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك هیچ پەیوەندییەكی دوور و نزیكی بە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقەوە نییە، وەكو هەندێك لایەن ئاماژەی بۆ دەكەن، بەڵكو لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە كە بەر لەدوو ساڵ ئەم رێككەوتنە كراوە، ئێمەش حزبێكی راستگۆین، سیاسەت لای ئێمە بریتییە لەڕاستگۆیی و پابەندین بەو رێككەوتنەی كە كردوومانە، ئەمەش دەرخەری سەرڕاستی و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە”.
باسی لەوەشکرد ” لای یەكێتی ئاڵوگۆڕی پۆست پڕۆسەیەكی دیموكراسییەو پێیان وانییە پۆست میراتی سیاسی بێت بۆ هیچ كەس و لایەنێك و پێیان وایە بۆ چەسپاندنی پڕۆسەكانی دیموكراسی دەبێت پابەندو راستگۆبین لەگەڵ هاوڵاتییان و هاوپەیمانەكانیان، تاوەکو بتوانین بەسەر راستی پەیامەكانی خۆمانیان پێ بگەیەنن”.
ب ح