مەودا میدیا-
چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی لە دهۆک ئاشکرایکرد تەنها هەینی رابردوو نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت سوپاسنامەیەکی ئاڕاستەی (مەلا هەرمان بێسفکی) کردووە بەڵام ئەمڕۆ دوورخرایەوە.
گەلاوێژ حەمزی سالم، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی لە دهۆک رایگەیاند “هەینی رابردوو (مەلا هەرمان بێسفکی) لە کاتی وتاری هەینیدا بە تووندی رەخنەی لە گرانی بەهای کارەبای (24 کاتژمێری) و پڕۆژەی رووناکی گرت، دواتر مامۆستا هەرمان لە ئەکاونتی خۆی پەیامێکی نووسینگەی مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە کە سوپاسیان کردووە لە بەرانبەر بوێریی و رەخنەی لە کارەکانی حکومەت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەڵام ئەمڕۆ راستییەکی تر کە پێچەوانەی سوپاسنامەکەی نووسینگەی مەسرور بارزانی بڵاوبووەوە کە (مەلا هەرمان بێسفکی) لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم بەهۆی رەخنەگرتن لە کارەکانی حکومەت دوورخراوەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەم دووڕووییە پەیامێکی زۆر مەترسیدار و روونە لەم حکومڕانییەدا، رەخنەگرتن و بەرگریکردن لە مافی خەڵکی تەنانەت ئەگەر لەناو مزگەوت و ماڵی خودادابێت، باجێکی قورسی بەدوادادێت ، لە راگەیاندنەکانەوە سوپاسنامەیان پێدەدەن، بەڵام زیندانیکردن و دوورخستنەوەیان بە نهێنی جێبەجێ دەکرێت”.
ب ح