مەودا میدیا-
ئیدارەی گەرمیان سەبارەت بە هێرشی چەند گەنجێک بە ماتۆڕسکیلەوە بۆ سەر پاسێکی گەشتیارانی عەرەب لە ناوەندی شاری کەلار روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند ” ئەو کارەی گەنجەکان پێی هەستاون پلان بۆ داڕێژراو نەبووە و هەڵسوکەوتێکی شەخسی خۆیان بووە، دیارە ئەو جۆرە کارانە زۆر نەشیاون و دورە لە کلتوری شاری کەلار و گەرمیان لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە بە میوان دۆست ناسراون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تا ئێستاش سەرەڕای ئەوەی رۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە کەلارەوە هاتوچۆ دەکەن رووداوی وەها نەبووە، دڵنیاییش دەدەن بۆ ئەم رووداوە نەخوازراوە، خودی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دەستبەجێ هاتووەتە سەر هێڵ و بەفەرمانی ئەوان هەر پاش رووداوەکە لایەنە ئەمنییەکان بە ئەرکی خۆیان هەستاون و لێکوڵینەوە لە روودوەکە دەکرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “داوای لێبوردن دەکەین لەو خوشک و برایانە کە لە پاسەکە بوون و دڵنیایی دەدەن بەهەمووان کە هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی لەو جۆرە رووناداتەوە چونکە ئەوە لەنەریت و کەرەمی گەرمیانییەکان ناوەشێتەوە”.
ب ح