مەودا میدیا-
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی دەرچوونی بڕیاری سزادانی عەجاج، جەللادەکەی نوگرە سەلمان، پیرۆزبایی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکات.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، بەدناوترین تاوانباری رژێمی بەعس گۆڕەپانی تۆڵەی رەوای مێژوو بوو”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “عەجاج ئەو کەسە بوو کە قێزەونترین تاوانی رۆژانەی بەرانبەر بە ژنان، منداڵان و پیرانی زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجامداوە و دێوەزمەیەکی سەرباری رژێمی بەعس بووە بۆ سەر گەلەکەمان”.
ئەوەشی خستەڕوو “سزادانی عەجاج وانەیەکی گەورەیە بۆ هەموو دوژمن و نەیارانی گەلی کوردستان، کە درەنگ یان زوو، رۆژی دادپەروەریی دێت و تاوانباران لە سزا رزگاریان نابێت، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم دەستکەوتە، بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاواتی گەل و پاراستنی شکۆی ئەو قوربانییانەی لەپێناو دادپەروەریدا دراون”.
باسی لەوەشکرد “پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەن و هیواخوازن ئەم بڕیارە رۆحی شەهیدان ئاسوودە بکات و هەنگاوێک بێت بەرەو ئینساف بۆ زۆرلێکراوانی میللەتەکەمان”.
ب ح