مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق سەرجەمی پارە گوازراوە و نەگوازراوەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تيلیكۆم لە عیراق دەستیبەسەردا گیراوە و كۆمپانیاكەش چیتر سەروەت و سامانی پێویستی نەماوە بۆ دانەوەی قەرزەكانی.
بەلیغ ئەبو كەلەل، سەرۆكی جێبەجێكاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق بە میدیا عیراقییەكانی رایگەیاندووە” دۆسیەی كۆمپانیای كۆڕەك و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی بە ئاگاداری و هەماهەنگی لایەنەكانی دەستەی دەستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەیەكی تایبەت بووە كە بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عیراق تایبەت بە دۆسیەكە پێكهێنراوە”.
وتیشی” دەستەكەیان سەرجەم پارە گوازراوە و نەگوازراوەكانی سەر بە كۆمپانیای كۆڕەكی دەستبەسەردا گرتووە و لە سێ ساڵی رابردووشدا گفتوگۆیان لەگەڵ بانكە عیراقییەكان كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو سەروەت و سامانانەی بە ناوی كۆمپانیاكەوە بووە، ئێستاش توانیویانە سەرجەم سەروەت و سامانە داراییەكانی كۆمپانیاكە بەدەستنهێنن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” ئێستا كۆمپانیای كۆڕەك خاوەنی سەروەت و سامان و خانووبەرەی پێویست نییە تا بتوانێت ئەو پابەندبوونە داراییانە جێبەجێ بكات كە لێی داواكراوە، بۆیەش كۆمپانیاكە لە رووی داراییەوە كۆتاییهاتووە و توانای دابینكردنی ئەو بڕە پارانەی نەماوە كە وەك قەرز لەسەریەتی و پێویستە بیداتەوە بە حكومەتی عیراق”.
ئ پ