مەودا میدیا-
ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێم ئاشکرایکرد بڕیاری لێخۆشبوونی گشتیی لە قەرزە كەڵەكە بووەكانی لای بازرگانان دەرچووە و سەرجەم کەرتە بازرگانییەکان دەگرێتەوە لەگەڵ سڕینەوەی قەرزەکانی پێشووی بازرگانان و کۆمپانیاکان.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێم رایگەیاند “بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەکان بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی بارگرانی ئابووری و ئەو بارودۆخە بووە کە رووبەڕووی بازرگانان بووەتەوە لە ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ کاریگەریی دۆخی گشتیی عیراق و ناوچەکە لەسەر چالاکییە بازرگانییەکان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو لێخۆشبوونە سەرجەم کەرتە بازرگانییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ سڕینەوەی قەرزەکانی پێشووی بازرگانان و کۆمپانیاکان، تا مانگی تشرینی دووەم مۆڵەتیان هەیە سەردانی ژوورە بازرگانییەکانی خۆیان بکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی لێخۆشبوونەکە و نوێکردنەوەی کارتی ئەندامێتییان”.
ئەوەشی خستەڕوو “لەئێستادا ئەم بڕیارە نووسینگەکانی خانووبەرە ناگرێتەوە، چونکە بەپێی یاسای دەڵاڵیی ژمارە 58، یەکێتییەکە دەسەڵاتی لێخۆشبوونی پێ نەدراوە، بەڵام لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی یاسایی بە مەبەستی کارئاسانی و بێبەشنەکردنی ئەوانیش لەم لێخۆشبوونە”.
باسی لەوەشکرد “ژمارەی ئەندامانی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان 120 هەزار بازرگان و کۆمپانیای تێپەڕاندووە، کە لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکاندا کاردەکەن”.
ب ح