مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەبارەی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی دانیشتووی شاری سلێمانی لە زیندانی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند “تۆمەتبار (ئاسۆ مەجيد قادر) لەدایکبووی ساڵی (1977) پیشەی پێشمەرگە لە یەکەی پاسەوانی سەر بە هێزەکانی زێرەفانی، بەپێی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تۆمەتباری ناوبراو لە رۆژی(2ی نیسانی 2026)لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرابوو، بەڵام دواتر لە رۆژی5ی حوزەیرانی 2026)،کاتژمێر (12:20ی خولەکی نیوەڕۆ) لەناو زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “تيمی نەهێشتنی بەڵگە و تاوان و بەشی پۆليسی نەهێشتنی تاوان لە بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی پارێزگای هەولێر و راپۆڕتی پزيشکی دادوەری پشتڕاستی دەکەنەوە بە پشت بەستن بە بەڵگەی سەلمێنراو کە ناوبراو کۆتایی بەژيانی خۆی هێناوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو کەسوکاری پێشمەرگەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند “ئاسۆ مەجید لە رۆژانی پشوو رەوانەی هەولێر کراوە و کاتێک گەیشتووەتە هەولێر راستەخۆ لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لە رۆژی( 2ی نیسانی 2026)، دوای 64 رۆژ لە دەستگیرکردنی رێگەیان نەداوە لە زیندان بیبینن و دوێنێ پێیان وتوون وەرن تەرمەکەی وەربگرنەوە”.
ب ح