مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری ئەمنیی ئاشکرایکرد تێچووى رۆژانەى ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سوریاوە بۆ عیراق گواستراونەتەوە بارگرانىیەکی گەورەیان لە سەر ئابوورى وڵات دروستکردووە.
غالب عەتیە، شارەزای بواری ئەمنیی رایگەیاند “راگرتنی چەکدارانی داعش پێویستی بە سەرچاوەی دارایی گەورە هەیە، چونکە تێچووى رۆژانەی یەک چەکدار لەم مانگەدا 40 دۆلار بووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەتی عیراق نزیکەی پێنج هەزار تیرۆریستی داعشی لە زیندان و سەنتەرەکانی دەستبەسەرکردنی سوریای بۆ وڵاتەکەی گواستووەتەوە، کە چەکداری هەڵگری رەگەزنامەی عەرەبی و بیانییان تێدایە، بەڵام مانەوەی ئەم چەکدارانە لە سوریا مەترسییەکی بەردەوام بوو بۆ عیراق”.
ئەوەشی خستەڕوو “تائێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هیچ پاڵپشتییەکی دارایی بۆ بەغدا دابین نەکردووە، ئەمەش وایکردووە عیراق بە تەنها ئەو بارگرانییە داراییە لە ئەستۆبگرێت، لە کاتێکدا عیراق ئامادەیە دەستگیرکراوە بیانی و عەرەبەکان رادەستی وڵاتەکانی خۆیان بکاتەوە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای پەلاماری چەتەکانی جۆلانی بە هاوکاریی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2026، بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستبەرداری پاراستنی گرتووخانەکانی تایبەت بە دەستگیرکراوانی داعش بوون و لە بەرانبەردا حکومەتی عیراق بەهۆی ترسی گەڕانەوە و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، تائێستا بە چاودێری ئەمەریکا پێنج هەزار و 704 چەکداری وەرگرتووە و لە چەند شوێنێکی وڵاتەکەی زیندانی کردوون.
ب ح