مەودا میدیا-
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانی پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرایکرد بە درێژایی نۆ رۆژ تیمەکانیان بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە لە ئەرکدابوون و سەرئەنجام لەلایەن گەنجێکەوە تەرمی کچە گەشتیارەکە بینراوەتەوە و تیمەکانیان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە تاوەکو تەرمی منداڵەکە بەبێ زیان دەربهێنن.
زانیار عومەر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانی پارێزگای هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئەنجام بەڵام بەهۆی گیربوونی بەشێکی تەرمەکە لە بەرد و تاوێرەکان و تیژڕەویی تەوژمی ئاوەکە رێڕەوەکەیان گۆڕیوە تاوەکو بتوانن تەرمەی روقیە بەبێ گرفت دەربهێننەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تەرمی منداڵەکە لە دووری 300 مەتر لە دووری شوێنی کەوتنەناو ئاوەکە دۆزراوەتەوە و لە ماوەی ئەم نۆ رۆژەدا چەندین شێوازییان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە گرتووەتەبەر و بە بەردەوامی تیمەکانیان بەهاوکاریی هەمووان لە ئەرکدابوون”.
ئەمە لە کاتێکدایە، خێزانێکی عەرەبی دانیشتووی پارێزگای کەربەلا بە مەبەستی گەشت سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردبوو کە لە رۆژی 2026/6/9، کچێکی 11 ساڵانیان بەناوی روقیە کەوتەناو ئاوی سەرچاوەی زەڵم، لەم ماوەیەدا گەڕان و پشکنین بەدوای تەرمەکەیدا لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ناوچەکە بەردەوام بوو، ئەمڕۆش لەلایەن گەنجێکی ناوچەکە بەناوی یوسف حەسەن بەشێک لە تەرمەکە بینرا و هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگادارکردەوە.
ب ح