مەودا میدیا-
ئهمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق لەسەر 16 خاڵی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتن، کە بەپێی رێککەوتنەکە زمانی کوردی بۆ سیستمەکە زیاد دەکرێت و پێناسەی گومرگیش یەکدەخرێت.
بەپێی زانیارییەکان، رێککەوتنەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عیراق بە فەرمی پەسەند دەکرێت، ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەش لەبارەی ئەسیکۆدا بەمشێوەیەیە:
1- هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم لە سیستمی ئەسیکۆدادا.
2- راهێنان بە کارمەندانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن گومرگی فیدراڵییەوە دەکرێت.
3- رێککەوتنەکە پاڵپشت بە بڕگەی ماددەکانی 110، 112، 114 و 121 بڕگەی سێ لە دەستوور واژۆ کراوە.
4- یەکخستنی پێناسەی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بە هاوبەشی دەبێت.
5- زمانی کوردی بۆ سیستمی ئەسیکۆدا زیاد دەکرێت.
6- کۆپیی پارێزراوی سیستمەکە (باکئەپ) بۆ هەموو عێراق لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی هەرێمی کوردستان دەبێت.
7- داننان بە ناوچە گومرگییە ئازادەکانی هەردوو حکوومەت.
8- سەرجەم بەڵگەنامەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرۆژەکان لە سیستەمی ئەسیکۆدا کاریان پێدەکرێت
9- سەبارەت بە بابەتی دەروازە نافەرمییەکان، لێژنەی هاوبەشی بۆ پێکدێت.
10- هیچ سانسۆرێک ناخرێتە سەر هیچ دەروازەیەک لە عێراق بەوانەی هەرێمیشەوە.
11- بابەتی داهاتی گومرگی و باج لە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق یەکلا دەکرێتەوە.
12- رۆژژمێری کشتوکاڵیی یەکگرتوو پەیڕەو دەکرێت پاڵپشت بە رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ.
13- لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئابووری یەکلا دەکرێتەوە.
14- پشکنینی کۆنتڕۆڵی جۆریی کالای هاوردەکراو لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتەوە کاری پێ دەکرێت.
15- مۆڵەتی هاوردە و هەناردەی کاڵای دەرچوو لە حکوومەتی هەرێم کاری پێ دەکرێت.
16- بەڵگەنامەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، دەرچوو لە تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێم پەسەندە.
ب ح