مەودا میدیا-
وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی دانووستانەکانی زیریخ لە سویسرا ئاشکرایکرد نێوەندگیری ماندوو نەناسانەی پاکستان و قەتەر پێشکەوتنی گەورەی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی لوبنان بەدەسهاتووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند “لەچوارچێوەی دانووستانەکان بڕیارە هەناردەکردنی نەوت و پترۆکیمایی وڵاتەکەیان دەستپێبکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بە ئامانجی بوژانەوەی پیشەسازیی ئێران”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگیرێت، بەشێک سەروەت و سامانی بلۆککراوی وڵاتەکەیان ئازاد دەکرێت، بەمزووانەش پلانی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ ئێران دەستپێدەکات”.
بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان ئەمەریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
1- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ سەرپەرشتیکردنی دانووستانەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسییەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.
2- نەخشەڕێگایەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
3- هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
4- بە بەشداریی حکومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، “شانەیەکی هێورکردنەوە (نەهێشتنی پێکدادان)” دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.
5- ئەم هەفتەیە، دانووستانە تەکنیکییەکان لە زیوررخی لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای جەنگی 39 رۆژەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەسەر داوای وڵاتی پاکستان لە رۆژی 2026/4/8، ئاگربەست راگەیەندراو هەشت هەفتە ماوەی ئاگربەستە درێژکرایەوە و سەرئەنجام دوێنێ 2026/6/20، دانووستانەکانی ئێران و ئەمەریکا بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان لە سویسرا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و هەڵگرتنی سزاکان دەستپێکرد.
ب ح