وه‌زاره‌تى نه‌وتى عیراق: له‌ ئه‌ندامیه‌تيى ئۆپێك ناكشێینه‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی باسده‌كرێت له‌باره‌ی ئاماژه‌دانی عیراق به‌ كۆتایهێنان به‌ ئه‌ندامێتی له‌ رێكخراوی (ئۆپێك) ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمی عیراق نییه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عیراق هاتووه‌ “سه‌رۆك وه‌زیران یاخود حكومه‌تی عیراق پرسی كشانه‌وه‌یان نه‌خستوه‌ته‌ڕوو، بەپێچەوانەوە عیراق بەردەوام جەختی لە گرنگی هەڵسەنگاندنەوەی پشکی بەرهەمهێنان کردووه‌ به‌وجۆره‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ توانای به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وامی وڵاتانی ئه‌ندام بگونجێت، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ هه‌موو وڵاتانی په‌یوه‌ندیدار په‌سه‌ندیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ لێكتێگه‌یشتنه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ دۆخی ئه‌منی و ئابوری عیراق”.

باس له‌وه‌شكراوه‌ “له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وڵاتانی ئۆپێك و هاوپه‌یمانه‌كانی وه‌ڵامی ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌یان دایه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دووباره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی ئه‌وپه‌ڕی توانای به‌رهه‌مهێنانی وڵاتانی ئه‌ندام، ئەم پرۆسەیە لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی سەربەخۆی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتیی جێبەجێ دەکرێت، بە بەشداری چالاکانەی عیراق، بەپێی خشتەی کاتی پەسەندکراو”

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو “دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن لە لایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەوە هەیە سەبارەت بە دۆخی تایبەتی عیراق و ئەوەی کە پیشەسازیی نەوتی عیراق لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ شەڕو گەمارۆ و ئاڵنگارییه‌كانه‌وه‌ تووشی بووە، كه‌ دواهه‌مینیان له‌ناوبردنی به‌شێكی زۆری ژێرخانی نه‌وتییه‌ له‌رێگه‌ی هێرشی تیرۆریستی تێكده‌رانه‌، كه‌ ئەمەش لەبەرچاو دەگیرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە ئاستێکی دادپەروەرانەدا بێت”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان