د.جەبار گۆڕان: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار پڕوپاگەندە بوو

مەودا میدیا-

ئەنجومەن و وتەبێژی بازاڕەکانی دراو لە شاری سلێمانی ئاشکرایکرد بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە هەفتەی رابردوو خەڵکێکی زۆر دۆلاریان بە نرخی بەرز کریوە و لەئێستادا بۆ هەر 100 دۆلارێک سێ بۆ چوار هەزار دابەزیوە، بەڵام هیچ مەترسییەک لەسەر بەهای دینار نییە و هیچ پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار نییە.

د.جەبار گۆران، پسپۆڕی بواری دراو و ئەنجومەن و وتەبێژی بازاڕەکانی دراو لە سلێمانی رایگەیاند “هەندێک لە راگەیاندنەکان لێدوانی هەموو کەسێک لەبواری بەهای دراو بڵاودەکەنەوەو دەبێتەهۆی ئاڵۆزبوونی بازاڕەکان، لە کاتێکدا نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندیی جێگیرە و جیاوازە لە بازاڕەکان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوو جۆر سیاسەت هەیە لە ئابووریدا کە ئەوانیش سیاسەتی دارایی و نەختینەییە، کە سیاسەتی دارایی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە و سیاسەتی نەختینەییش پەیوەستە بە بانکی ناوەندییەوە و پەرلەمانتار ناتوانێت گۆڕینی نرخ بەسەر بانکی ناوەندیدا بسەپێنێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیش ناتوانێت داوا لە بانکی ناوەندیی بکات نرخی دۆلار بگۆڕێت، چونکە بەپێی ماددەی (103) لە دەستووری عیراق بانکی ناوەندیی سەربەخۆیە لە گۆڕانکارییەکان و بڕیاردان بەبێ گەڕانەوە بۆ لیژنەی دارایی و حکومەت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان