مەودا میدیا-
سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاشکرایکرد سەردانەکەیان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێکی پڕۆتۆکۆڵی نابێت، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێی هاوبەشی عیراقە لەگەڵ ئەمەریکا.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند ” بەغدا خوازیارە بوونی ئەمەریکا لە وڵاتەکەی لە رێگەی هاوبەشیی ئابووریی و وەبەرهێنانەوە بێت چونکە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کۆتایی بە ئەرکی شەڕکردن دەهێنن و عیراق جێدەهێڵن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاریداوە پڕۆژەکانی نەوت بدات بە کۆمپانیا گەورەکانی وەک (شیڤرۆن، هالیبێرتۆن و کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن (HKN)) هەروەها لەبواری پەیوەندییەکانیشدا هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیای ستارلینک بکات”.
ئەوەشی خستەڕوو ” گفتوگۆی چڕیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کردووە و ئاگادارکراونەتەوە کە دەوڵەت چەتری کۆکەرەوەی هەمووانە و نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا هەبێت، بڕیار بەدەست عیراقییەکان خۆیانە و هێزی بیانی و چەکی دەرەوەی یاسا لە وڵاتدا جێگەیان نابێتەوە”.
باسی لەوەشکرد “لیژنەیەکی ناوەندی پێکهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەدا کە بەهاکەیان لە 25 ملیار دینار زیاترە، پڕۆژەیاسایەکیش رەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ دامەزراندنی دەستەیەکی نوێی چاودێری و وردبینی پێش خەرجکردنی پارە لە هەموو وەزارەتەکاندا”.
ب ح