ئاوی کانییەکان موڵکی دەوڵەتن

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی ئاشکرایکرد بەپێی (ماددەی 7 بڕگەی 2) لە یاساى (ژمارە 90 ساڵی 1975 هەموارکراو) ئاوی هەموو کانییە سرووشتییەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی جاران (واتە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک) موڵکی دەوڵەتە و بۆ سوودی گشتیی بەکاردێت تەنانەت ئەگەر لە سورەقەیدی تاپۆشدا خاوەنێکی تری هەبێت، بەڵام حکومی ئەم ماددەیە ئەو سەرچاوە ئاوییانە ناگرێتەوە کە مرۆڤ دەستی هەیە لە دروست بوونیاندا وەکو کارێز و بیری ئاسایی و بیری ئیرتیوازی.

بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی رایگەیاند “ئەگەر کانییەکی سرووشتی بەپێی وێنە تۆماری تاپۆ موڵکی هاوڵاتییەکیش بێت ئەوا بەپێی ئەو ماددەیە وێنەتۆمارەکە حکومی نامێنیت و کانییەکە دەبێتە موڵکی وەزارەتی دارایى و ئەو هاوڵاتییەی کە ناوی لە وێنەتۆمارەکەدایە ناتوانێت لە فەرمانگەکانی حکومەت (وەک فەرمانگەی تاپۆ) مامەڵە بە کانییەکەوە بکات، بەڵکو کانییەکە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و تۆماردەکرێت بەناوی وەزارەتی داراییەوە لەبری جەماوەر”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هیچ رێگەچارەیەکی یاسایی نییە بۆ دووبارە تۆمارکردنەوەی کانییە سرووشتییەکان بەناوی هاوڵاتیانەوە، بەشێوەیەک تەنانەت ئەگەر هاوڵاتییەک بیەوێت کانییەکی سروشتی بە پارە لە حکومەت بکڕێت ئەوا وەزارەتی دارایى ناتوانێت پێی بفرۆشێت چونکە خاوەندارێتیی وەزارەتی دارایى بۆ کانییەکە لە سوودی گشتیدایە نەوەک لە بەرژەوەندیی گشتی، واتە کانییەکە دەبێتە موڵکی گشتیی دەوڵەت نەوەک موڵکی تایبەتی دەوڵەت بۆیە بەپێی (ماددەی 71 بڕگەی 2) لە یاسای شارستانی (ژمارە 40 ساڵی 1951 هەموارکراو) نابێت حکومەت هیچ رەفتارێکی پێوە بکات”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان