تورکیا بە مەرج رێگە بە گەڕانەوەی گوندنشینان دەدات

مەودا میدیا-

سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمەریکی ئاشکرایکرد لە دوای وێرانکردن و تاڵانکردنی ماڵەکانیان، سوپای تورکیا بە شەش مەرج رێگە بە خەڵکی نۆ گوندی سنووری زاخۆ دەدات کە بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان.

کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمەریکی رایگەیاند “نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی 21 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵدەدەن کە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان کە زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵیان کردووە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە رۆژی 26ی حوزەیران و سێ رۆژ بەرلە ئێستا، دوای فشاری زۆری گوندنشینان، سوپای تورکیا رێگەی بە دانیشتووانی گوندەکانی (بازنگیرا، گوندۆک، گەورک، کڕکڕانک، پەترۆمە، کەلۆک، مارسیس، ئەلانش و ئێرێ) لە گەلی پساغا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا کە بە شەش مەرج بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان”.

مەرجەکان بریتی بوون لە:

1- رۆژانە لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی بۆ 7:00ی ئێوارە گوندنشینان دەتوانن بچنە گوندەکانیان و هیچ کەسێک بۆی نیە لە دوای ٧ی ئێوارە لە گونددا بمێنێتەوە.
2- هیچ گوندنشینێک ڕێگە پێدراو نیە کە چەک و ئامێری بڕەڕی پێبێت. تەنانەت چەکی ڕاویش.
3-گوندنشینان تەنیا دەتوانن خواردنی یەک ڕۆژ بەرن بۆ گوند و ڕێگە پێدراو نین خۆراکی زیاتر لە ڕۆژێکیان پێبێت.
4- لە کاتی تێپەڕبوون بە بازگەی تورکیادا، ناسنامەی هەموو سەرنشینان وەردەگیرێت و ناو ناونیشان و زانیاری کەسییان تۆمار دەکرێت.
5- شۆفێری ئۆتۆمبێل، بەرپرسیار دەکرێت لە گەڕانەوەی تەواوی سەر نشینان لە ئێوارەدا و لە ئەگەری نەگەڕانەوەی هەر سەر نشینێک، شۆفێر لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیردەکرێت.
6-سەربازانی تورکیا لە تۆماری دیجیتاڵی دەزگا ئەمنییەکانیاندا، بۆ پاشخانی گوندنشینان دەگەڕێن کە ئەگەر تۆمەتباربن بە هاوکاریکردنی گەریلا لە ڕابردوودا، ئاوا دەستگیریان دەکەن.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان