بە سێ‌ رۆژ ئۆنسەیەك زێڕ 230 دۆلار بەرزبووەوە

مەودا میدیا-
دوای ئەوەی نرخی زێڕ لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا دابەزینێكی زۆری بەخۆوە بینی، بەڵام لە سێ‌ رۆژی كۆتایی هەفتەدا نرخەكەی پێچەوانە بوویەوە و هەر ئۆنسەیەك زیاتر لە 230 دۆلار بەرزبوویەوە.

دوای كردنەوەی بازاڕەكان لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ دەستیكردەوە بە دابەزین و هەر ئۆنسەیەك بۆ 3,940 دۆلار دابەزی، بەڵام دواتر لە سێ‌ رۆژی بەدوای یەكی كۆتایی هەفتەدا نرخەكەی پێچەوانە بوویەوە و تا كاتی داخستنی بازاڕەكان لە شەوی رابردوودا نرخی یەك ئۆنسە بەرزبووەوە بۆ 4,174 دۆلار، بەوەش زیاتر لە 230 دۆلار چووەوە سەر نرخەكەی.

پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” هۆكاری ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی زێڕ بۆ راگەیاندنی داتاكانی بازاڕی كار لە ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ئەو پێشبینییانەدا هەبوو كە بۆی كرابوو”.

وتیشی” ئەگەر داتاكانی بازاڕی كار لە ئەمەریكا بە پێچەوانەی پێشبینییەكان نەبوایە، ئەوا دوور نەبوو تا مانگی ئەیلول كە رێژەی سوودی بانكی تێدا دیاری دەكرێت،یەك ئۆنسە زێڕ دابەزێت بۆ نزیكەی 3,500دۆلار”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی زێڕ پێدەچێت ریتێستی هەفتانە بێت و لە هەفتەكانی ئایندەدا بە هۆی ئەگەرەكانی زیادكردنی رێژەی سوودی بانكییەوە لە مانگی ئەیلولدا، جارێكیتر نرخەكەی روو لە دابەزین بكاتەوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان