پەرلەمانتارێک: قەیرانەکانی کوردستان دروستکراون

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد خاوەن پاڵاوگەکان دەیانەوێت لەسەر گیرفانی هاوڵاتییان پارەی زیاتر کۆبکەنەوە و دوو هەفتە لەمەوپێش ، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەمەبەست بووە و نەویسترا دابەزێت.

کاوە عەلی کەریم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی بە مەودا میدیای راگەیاند “بەپێی رێککەوتنێک لە 2025/5/17وە لەگەڵ بەغدا بە ژمارە (550) رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوت دەدرێت بە حکومەتی هەرێم تاوەکو بەنرخی پاڵپشتیکراوی حکومەی بەسەر هاوڵاتییاندا دەبەشی بکات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تاوەکو ئێستا (13 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوت لە بەغدا وەرگیراوە بۆ بەرهەمی ناخۆ بەڵام لەبری ئەوەی نرخی بەنزین دابەزێت، بە پێچەوانەوە بەرزبووەتەوە، چونکە دەدرێت بە پاڵاوگەکانی (کار و لاناز) کە خاوەندارییەکەیان بۆ بەرپرسان دەگەڕێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو “لە ماوەی رابردوودا ڕێگری کرا کە بەنزین هاوردە بکرێت تاوەکو نرخ دابەزێت بۆ ئەوەی پاڵاوگەکانی خۆیان، سەرباری وەرگرتنی نەوتی بەلاش و سەرباری قازانجی پێشتر بۆ هەر لیترێک 300-400 دیناری تر قازانج بکەن”.

باسی لەوەشکرد “لەئێستادا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین دەدات، بەڵام لەماوەی ئەو دوو هەفتەی رابردوودا نزیکەی 20 ملیار دیناری تریش لە هاوڵاتییان بۆ گیرفانی پاڵاوگەکان کۆکراوەتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان