مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد بەپێی بەدواداچوونەکانیان وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی تەمموز (7)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “دوای وردبینیکردنی لیستەکە و دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، ئەگەر پارە لە بەردەست بێت بەغدا مووچەی هەرێم دەنێرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “وەزارەتی دارایی عیراق هاوشێوەی مانگی رابردوو، مووچەی مانگی تەمموز (٧)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی هاوتاکردن (مقاسە) رەوانە دەکات و بڕی (120) ملیار دینار لە پارەی مووچە دەبڕێت”.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند “تائێستا کێشەی داهاتی ناوخۆ لەنێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەبووە و هەرێمیش ناتوانێت هەموو مانگێک 120 ملیار دینار رەوانە بکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەتی هەرێم داوای لە بەغدا کردووە ئەو بڕە کەمبکاتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەرێنی نەبووە، هەر بۆیە چاوەڕێ دەکەن مووچەی مانگی تەمموز (7)ش دوابکەوێت”.
ب ح