نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی

مەودا میدیا-
بەهۆی ئەگەرەكانی كۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران و چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم گواستنەوەی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی.

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەك بەرمیل نەوتی سووكی تەكساسی ئەمەریكا دابەزی بۆ 81.95 دۆلار و نەوتی برێنتی دەریای باكووریش دابەزی بۆ 87.82 دۆلار، كە ئەوەش نزمترین ئاستە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا.

شارەزایانی ئابوری لە ئەوروپا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن” هەرچەندە هێشتا دۆخەكە جێگیر نییە، بەڵام هاتنە ئارای هیوایەك بۆ هێوربوونەوەی دۆخەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی گواستنەوەی وزە، گوشارەكانی سەر نرخی نەوتی كەمكردووەتەوە، بۆیەش بەو شێوەیە نرخەكەی دابەزیوە”.

باس لەوەش دەكەن” لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە بارەی گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و تاران و ئەگەرەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، كاریگەری زۆری لەسەر دابەزینی نرخی نەوت هەبووە”.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە هەریەكە لە ئەمەریكا و ئێران هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە لە ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكان، ئەوا هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتر بەردەوام دەبێت و دۆخەكە مەترسیدارتر دەبێت”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان