مەودا میدیا-
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێرییان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە.
شاندی دەمپارتی رایانگەیاند “ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو یاسایەی بڕیارە دەربچێت، کلیلی کردنەوەی دەرگایە بەڕووی کۆماری دیموکراتی و سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی”.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد ” ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ قۆناغی ئێستا و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانی داهاتوو کردووە و رایگەیاندووە “رێگەی هەزار کیلۆمەتری بە یەک هەنگاو دەست پێدەکات، ئەوانیش بەم یاسایە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی دەنێین و لە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراسیدان کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە قۆناغی دامەزراندنی کۆمار”.
ئەوەشیان خستەڕوو “ئۆجەلان روونیکردووەتەوە کە ئەم پرۆسەیە تەنها پێویستی کورد یان لایەنێک نییە، بەڵکو پێویستیی هەمووانە و کاریگەریی لەسەر چارەنووسی وڵات و ناوچەکە دەبێت، هەروەها دەبێتە هۆی گەشەکردنی یاسای دیموکراتی و ئابووریی بۆ 86 ملیۆن کەس لە تورکیا”.
باسیان لەوەشکرد “هێشتا هەموو شتێک چارەسەر نەبووە، بەڵام دۆخێکیش نییە کە مرۆڤ بە شێوازێکی نەرێنی لێی نزیک بێتەوە، ئەوەی گرنگە ئەم هەنگاوە بە راستی لێی تێبگەین و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەموو کەسێک بەرپرسیارێتی لەسەرشانی هەڵبگرێت”.
ب ح