دەردە بێدەنگەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

دێرین جەمال
لە جیهانێکدا کە رووبەرە راستەقینەکان تەسک دەبنەوە و فەزا دیجیتاڵییەکان دەبنە سەکۆی سەرەکیی بە یەکگەیشتنی مرۆڤەکان، دیاردەیەکی مەترسیدار خەریکە ناخی کۆمەڵگە هەڵدەتەکێنێت: دابەزینی ئاستی ئەخلاقی گشتی و لێدانی کەسایەتیی تاکەکان لە پشتی شاشە ساردەکانەوە. ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبری ئەوەی ببنە پردی بەیەکگەیشتن و هاودەردی، لە زۆر شوێندا بوونەتە مەیدانی رسواکردنی دیجیتاڵی و وێرانکردنی نێوبانگی مرۆڤەکان. ئەم دادگا جەماوەرییە بێبەزەیییە، نەک هەر تەنها تاکەکان دەکاتە ئامانج، بەڵکوو گەورەترین زەبر لە پیرۆزترین سەرمایەی کۆمەڵگە دەدات، کە ئەویش متمانەی گشتییە.

متمانە، ئەو تۆڕە نادیارەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بە یەکترەوە دەبەستێتەوە. کاتێک مرۆڤێک دەبینێت بە ئاسانی و لە پێناو چەند لایک و کۆمێنتێکدا کەرامەتی کەسێک دەکرێتە قوربانی و وێنە و ژیانی تایبەتی دەستکاری دەکرێت، جۆرێک لە دڵڕاوکێی بەردەوام و گومان لە ناو ناخیدا شین دەبێت. مرۆڤی ئەمڕۆ لەناو ئەو فەزایەدا چیتر هەست بە ئاسایش ناکات، بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدایە کە نەبادا سبەینێ خۆی یان ئازیزێکی ببێتە سووتەمەنیی پەیج و ئەکاونتێک.

ئەم ترسە بەردەوامە دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، داڕمانی دەروونیی قوربانییەکان و بێهەستیی ئەخلاقی، چونکە کاتێک ئازاردانی خەڵک دەبێتە دیاردەیەکی رۆژانە، بینەرانیش وردە وردە هەستی هاودەردییان بەرانبەر ئازاری بەرانبەر لەدەست دەدەن و ئازاردانی مرۆڤەکان دەبێتە کەرەستەی خۆشگوزەرانی.

لە ململانێی دیجیتاڵیدا، سنووری نێوان تاوانبار و قوربانی گەلێک تاریک دەکات. ئەو کەسەی دەکرێتە ئامانج، قوربانیی ڕاستەوخۆ و جەستەییی ستەمەکەیە، بەڵام ئەو کەسەی حورمەتی خەڵک دەشکێنێت، خۆیشی قوربانیی داڕمانی ناوەکی، کەمئەندامیی سۆزداری و ئاڵوودەبوونیەتی بە چێژێکی درۆینە، کاتێک بەهای ژیان لە ناو ناخی مرۆڤێکدا نامێنێت، ئازاردانی ئەوانی تر بۆ ئەو دەبێتە هۆکاری هەستکردن بە بوونی خۆی.

بۆ راگرتنی ئەم داڕمانە ئەخلاقییە و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ناو رووبەری کۆمەڵگە، پێویستیمان بە راپەڕینێکی هۆشیاریی سەرتاسەری هەیە، بە سەپاندنی یاسای توند بەسەر تاوانە دیجیتاڵییەکاندا تا فەزای مەجازی نەبێتە پەناگەیەک بۆ بێ یاسایی، هەروەها بەخۆداچوونەوەی ئەخلاقی تا تێبگەین کۆمێنتێک یان شەیرکردنێک دەکرێت ببێتە خەنجەرێک لە ناخی مرۆڤێکدا، لەگەڵ پەروەردەی دیجیتاڵی تا نەوەی نوێ بزانێت شاشەکان پەردە نین بەسەر ویژداندا.

شتێک کە کۆمەڵگە رادەگرێت بینا و شەقامەکان نین، بەڵکوو ئەو متمانە و رێزەیە کە مرۆڤەکان بۆ یەکترییان هەیە، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤێکیش، پاراستنی تەواوی کۆمەڵگەیە لە هەرەسهێنان.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان