داهاتی گومرگی عیراق بۆ ئەمساڵ گەیشتە دوو ترلیۆن و نیو دینار

مەودامیدیا-
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی دەستەی گشتیی گومرگی عیراق، تەنها لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەكە گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و نیو دینار.

سامر قاسم، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عیراق رایگەیاند” بەهۆی جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی ئەسیكۆداوە لەمساڵدا، داهاتی گومرگ بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە و تا ئێستا بڕی دوو ترلیۆن و نیو دیناری تێپەڕاندووە كە بە تەنها ئەو داهاتە یەكسانە بە كۆی گشتیی ئەو داهاتەی كە لە ساڵی 2023دا كۆكراوەتەوە”.

وتیشی” هێشتا تا كۆتایی ساڵ زیاتر لە چوار مانگیان لە بەردەست ماوە، بۆیە پێشبینی دەكەن تا كۆتایی ساڵ بە نزیكەیی ترلیۆنێكی تر بچێتە سەر ئەو داهاتە و ببێتە سێ ترلیۆن و نیو دینار یاخود زیاتریش”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” زیادبوونی داهات بەو شێوەیەی ئێستا بەهۆی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا و بەستنەوەی ئەلیكترۆنی بووە لە سەرجەم مەرزە گومرگییە فیدراڵییەكاندا”.

سیستەمی ئەسیكۆدا كە پرۆگرامێكی ئەلیكترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ بەكاردێت و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پەرەی پێدراوە، لەمساڵدا بۆ رێكخستنەوەی داهاتە نانەوتییەكان و نەهێشتنی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەكاندا، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە جێبەجێكرا و تا ئێستاش پارەیەكی زۆری بۆ سەر داهاتی وڵات گەڕاندووەتەوە.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان