مەودا میدیا-
دوای ئەوەی لە (2026/6/14)وە داواکاریی بۆ دامەزراندن دەستیپێکرد، لەئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ فۆرمەکانی دامەزراندنی 250 کەس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەکرێت، پرۆسەی خاڵبەندی کۆتایی هاتووە و بەمنزیکانە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە داواکارییان پێشکەش کردووە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی ئەنجومەنی راژە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکات بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەی 600 کەس کە داواکاریی دامەزراندنیان پێشکەش کردووە، وەک دوایین قۆناغی پرۆسەکە.
ئەندامێکی لیژنەی باڵای دامەزراندن لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند “لیژنەکەیان وردبینی بۆ فۆرمی (نۆ هەزار و 600 کەس) تەواو کردووە و فۆرمەکان بەپێی پسپۆڕی جیاکراونەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەپێی رێنماییەکانی لیژنەی دامەزراندن، پرۆسەکە دەرچووانی ساڵی 2010 بەدواوە دەگرێتەوە و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون یەک خاڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها بۆ بەکالۆریۆس دوو خاڵ، دیپلۆم یەک خاڵ، ماستەر سێ خاڵ و دکتۆرا چوار خاڵ دیاریکراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “کۆنمرەی دەرچوون بە رێژەی (50٪ بۆ 60٪) تەنها یەک خاڵی بۆ دیاریکراوە و بە رێژەی (90٪ بۆ 100٪ ) پێنج خاڵی پێدەدرێت، هەروەها چوار خاڵ بۆ کەسوکاری شەهیدان و چوار خاڵیش بۆ چاوپێکەوتن تەرخانکراوە”.
ب ح