مەودا میدیا-
سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریا بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد پیرۆزبایی لە سوریا دەکات بۆ ئەو هەنگاوە یەکلاکەرەوەیەی لە پڕۆسەی تێکەڵکردنی ئاشتییانەی هەسەدە بە دەوڵەت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند “پاریس هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغی گواستنەوە لە سوریا، رۆڵێکی کارای لە پشتیوانیکردنی ئەم پرۆسەیەدا گێڕاوە و لە داهاتووشدا بە وردی چاودێریی چۆنییەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەستخۆشی لە پابەندبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و هەستی بەرپرسیارێتیی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە دەکات، جەخت لە رێزگرتن لە سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و قۆرخکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەکەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی قۆناغی راگوزەری سوریا لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکەکەی، ئەم پرەنسیپانە بە سەرەکی و پێویست دەزانێت بۆ بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام لە سوریا و تەواوی ناوچەکە”.
ب ح