مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد شەپۆلێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا و بارانبارینی لاواز بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و کوێستانەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی شێدار لە دەریای ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبییەوەیە، کە شێیەکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە و لەگەڵ چینە ساردەکانی سەرەوە تێکەڵ بووە، دەبێتەهۆی دروستبوونی نیمچە هەور، هەوری تەواو، هەورەبروسکە و بارانی کەم لە چەند ناوچەیەک”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پێشبینی دەکرێت لەم شەپۆلەدا بارانێکی کەم ببارێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و کوێستانەکان کە بە بارانی کەپرەشینە ناودەبرێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سبەینێ کۆتایی دێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “هاتنی سیستمێکی پەستانی هەوای نزم یارمەتیدەرە بۆ ناسەقامگیریی کەشوهەوا، بەتایبەت کە نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز خۆی گۆڕانکارییەکی سرووشتییە کە ئەم شەپۆلانە دروست دەکات”.
ب ح